نوچه‌نێت- بی بی سی
تا ئێستاش شه‌ڕی موسڵ په‌ڕه‌ی زۆربه‌ی رۆژنامه عه‌ره‌بییه‌كانی داگیر كردووه، كه هه‌ندێك له نووسه‌ران ره‌هه‌نده سیاسیه‌كانی ئه‌و شه‌ڕه لێكده‌ده‌نه‌وه، هه‌ندێكیشیان هۆشداری ده‌ده‌ن له‌وه‌ی، كه رێكخراوی داعش دوای كۆتایی هاتنی شه‌ڕی موسڵ مه‌ترسیدارتر ده‌بێت.
سه‌باره‌ت به ره‌هه‌ندی سیاسی شه‌ڕی موسڵ، سه‌میح سه‌عب له رۆژنامه‌ی نه‌هاری لوبنانی ده‌ڵێت، ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا نایه‌وێت شه‌ڕی موسڵ باڵانسی هێز له به‌رژه‌وه‌ندی روسیا و ئێران بگۆڕێت.
ئه‌و نووسه‌ره ده‌ڵێت “لێره‌وه سوربوونی واشنتۆن له گه‌ڵ داواكارییه‌كانی توركیا و سعودیه یه‌كده‌گرێته‌وه له سه‌ر به‌شداری نه‌كردنی حه‌شدی شه‌عبی له شه‌ڕی موسڵدا، به‌و پێیه‌ی حه‌شدی شه‌عبی هێزێكه، كه ئێران پاڵپشتی ده‌كات”.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه حازم عیاد، له رۆژنامه‌ی سه‌بیلی ئه‌رده‌نی ده‌ڵێت “پلاندانان بۆ شه‌ڕی موسڵ هێشتا ته‌واو نه‌بووه، ریچكه‌ی ئیستای شه‌ڕه‌كان به ئاشكرا ئه‌وه ده‌رده‌خات، كه پلاندانان و سیناریۆ كێشراوه‌كان پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه، ئێستا ئه‌و هه‌وڵانه‌ی له راڕه‌وه دیپلۆماسیه‌كاندا ده‌درێت، زۆر گرنگترن له‌و هه‌وڵانه‌ی له گۆڕه‌پانه سه‌ربازییه‌كاندا ده‌درێن، ئه‌مه‌ش مانای وایه شه‌ڕی گه‌وره‌ی موسڵ، له گۆڕه‌پانی دیپلۆماسیدایه نه‌ك گۆڕه‌پانی جه‌نگ”.
سه‌باره‌ت به قۆناغی دوای موسڵ، یاسر زه‌عاتره له رۆژنامه‌ی ده‌ستوری ئه‌رده‌نی ده‌ڵێت “شتێكی بێمانایه بڵێین جه‌نگ له عێراق كۆتایی دێت و رێكخراوی داعش ته‌واو ده‌بێت، داعش كۆتایی دێت، به‌ڵام مه‌ترسیدارتر ده‌بێت، ده‌گۆڕێت بۆ شه‌ڕی مافیایی”.
زه‌عاتره هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، “به‌ڵام گرنگتر له‌وه ململانێ له گه‌ڵ كورد به‌ره‌و زیادبوون ده‌چێت، ئه‌وان ئێستا كار بۆ دابڕینی به‌شێك له پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌كه‌ن، ئه‌مه جگه له شاری كه‌ركوكیش، كه ده‌یانه‌وێت بیانخه‌نه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و هه‌رێمه‌ی چاوی بڕیوه‌ته جیابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆیی”.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه عه‌بدوڵا بن بخیت له رۆژنامه‌ی ریازی سعودیه ده‌ڵێت “كێشه‌مان موسڵ و ئه‌و رووداوانه نین، كه له موسڵ رووده‌ده‌ن، به‌ڵكو كێشه‌كه له‌و ده‌ره‌نجامانه‌ن، كه له دوای رزگاركردنی موسڵه‌وه به ده‌ست دێن”.
سه‌باره‌ت به به‌شداری حه‌شدی شه‌عبیش له شه‌ڕی موسڵدا، سادق ناشر له رۆژنامه‌ی خلیجی ئیماراتی ده‌ڵێت “بڕیاری به‌شداری كردنی حه‌شدی شه‌عبی له شه‌ڕی موسڵدا، زیانی زیاتره له سودی، چونكه به‌شداری كردنیان بیانوو ده‌داته داعش به‌رده‌وام بێت له شه‌ڕ و به‌رگری له ژێر ناوی تایفه‌گه‌ری و مه‌زهه‌بیدا، بۆیه ده‌بێت سوپای عێراق شه‌ڕی موسڵ دوور له ره‌هه‌ندی تایفه‌گه‌ری ئه‌نجام بدات، كه زیان به یه‌كگرتوویی عێراق و ئاسایش و سه‌قامگیریه‌كه‌ی ده‌گه‌یه‌نێت”.