عیرفان رەهنمون: بە هۆی چەوساندنەوەی سونەکان، دوای داعش گروپی تر سەر هەڵدەدەن

0

عێراق و كوردستان له‌دوای ئازادكردنی موسڵ

بەهرە ‌حەمەڕەش: پرۆسه‌ی ئازادكردنی موسڵ ده‌ستپێكراوه‌، ئایا ئه‌و گرفتانه‌ی دوای ئازادكردنی موسڵ بۆ كورد دێنه‌ پێش چین و چاوه‌ڕوانی چی ده‌كرێت ؟

نه‌مانی داعش له‌موسڵ، نه‌مانی مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر كوردستان ؟

له‌ڕووی سیاسی و جوگرافی و سه‌ربازییه‌وه‌، هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌دوای نه‌مانی داعش له‌موسڵ چاوه‌ڕوانكراوه‌ بۆ كوردستان ؟ ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕوانكراوه‌ ئه‌و مه‌ترسیانه‌ چین ؟

ئایا سێبه‌ر و مه‌ترسی ئیسلامی توندڕه‌و له‌سه‌ر كوردستان نامێنێت ؟

كورد ده‌بێت چۆن خۆی ئاماده‌بكات بۆ قۆناغی دوای داعش له‌موسڵ ؟

چی بكات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی هه‌ستپێكراون كه‌م بكرێنه‌وه‌ ؟

په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێرو به‌غدا چۆن ده‌بن و ده‌بێت چۆن بن ؟    

عیرفان رەهنمون

پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ، بۆ کورد زۆر گرنگە، چونکە ئازاد بوونی موسڵ لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامیدا، دەبێتە هۆی رزگار بوونی کورد بەدەست رژێمێکی دڕندەی ئیسلامییەوە، کە هەڕەشەیە بۆ قەوارەی سیاسی- نەتەوەیی باشوری کوردستان، بەڵام نابێ ئەوەمان لەبیر بچێ کە ئازاد بوونی موسڵ لە ژێر دەستی دەسەڵاتی داعش دا ، هەم درەفەتە بۆ کورد و هەم دەتوانێ لە زۆر روەوە هەڕەشەش بێت .

هەڕەشەی سەرەکی لەوەوە سەرچاوە دەگرێ، کە کورد پێش دەستپێکردنی پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ، هیچ رێککەتنێکی سیاسیی لەگەڵ رژیمی شیعەی عێراق دا واژوو نەکردوە. ئەمەش بە مانای چارەنووسێکی نادیارە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، واتە کورد دوای ئازادبوونی موسڵ لەگەڵ دوو نەیاری دژە کورددا رووبەڕوو دەبێتەوە .

یەکێک لەو نەیارانە رژیمی شیعەی ناوەندیی عێراقە، کە تاسەر ئێسقان دژی کوردە و رژێمی فاشیستیی ئیرانیش زیاتر ئەو رژێمە دژی باشووری کوردستان هان دەدات. نەیاری دووهەم، هێزە سونیەکانی پارێزگای موسڵن کە لە سەد ساڵی رابردوودا، دوژمنی پلەیەکی کورد بوون و دەستیان بە خوێنی کورد سوورە. وادیارە عەرەبستانی سعودی و تورکیا، پشتیوانی لە سونیەکان دەکەن. هەر بۆیە کورد دەبێ سیاسەتێکی گونجاو، لەگەڵ دۆخە نوێکەدا بگرێتە بەر و بەلای هیچ لایەکدا نەیشکینێتەوە. هێزەکانی پێشمەرگە لە شارو شارۆچکە و گوندە کوردییەکانی پارێزگای موسڵ دا جێگیر بکات و لە ژێر هیچ گوشارێکدا لەو ناوچانە پاشەکشە نەکات..

نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت کە نەمانی داعش، خۆی لە خۆیدا بەمانای نەمانی مەترسی نیە لەسەر هەرێمی کوردستان، بەڵکو دەتوانین بڵێین کە لە رادەی مەترسیەکان تا ئەندازەیەک کەم دەبێتەوە. گرنگترین پرس بۆ نەمانی مەترسی لە پێش هەموو شتێکدا، یەکڕیزی نێوماڵی کوردە ورەچاوکردنی سیاسەتێکی یەکدەستە، لە هەمبەر پرسی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و راگرتنی باڵانسە لە نێوان تەوژمی شیعە و سونەدا لە ناوچەی موسڵ و دەوروبەری و نەکشانەوەی پێشمەرگەی کوردستان، لە ناوچە کوردستانیە رزگارکراوەکاندا.

خاڵێکی گرنگی دیکە لە پەیوەندیی لەگەڵ پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ دا، ئەوەیە کە نابێ پێمان وابێ بە ئازادکردنی موسڵ ، مەترسیی ئیسلامی سیاسی لەسەر کوردستان کۆتایی پێدێت . چونکە دوای لەنێوچونی داعش وەک رێکخراو، بیری ئیسلامی توندڕەو لە نێو ناچێ و ئەگەری ئەوە هەیە کە لە فۆڕم و شێوازی دیکەدا سەرهەڵبداتەوە .

هۆکارەکەشی ئەوەیە کە سونەمەزهەبەکانی عێراق و سوریا، هەست بە چەوسانەوە و کەوتنەپەراوێزەوە دەکەن لەلایەن عەلەوییەکانی سوریا و شیعەکانی عێراقەوە، کە رژێمی ئێران رۆڵی سەرەکیی هەیە لەو پەراوێزکەوتنەی سونییەکاندا .

هەر بۆیە پێویستە باشوری کوردستان، بەرنامەیەکی تۆکمەی بۆ بەرپەرچدانەوەی تەوژمی ئیسلامی توندڕەو هەبێ، کە بە ئەگەری زۆر لە ئایەندەیەکی نزیکدا سەرهەڵدەداتەوە.

پێویستە کورد، زۆر بە وشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ لێکەوتەکانی ئازاد بوونی موسڵ بکات و لەوپەیوەندییەدا دەبێ لەسەر سێ ئاستی نێوخۆیی و دەرەکی و سەربازی دا خۆی ئامادە بکات.

لەئاستی نێوخۆیی دا ، کورد لە باشوری کوردستان ، پێویستە بە هەست بە بەرپرسیارێتییەوە  کۆتایی بە چەقبەستوویی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بهێنێت . سەرەتا پێویستە گشت لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە پەرلەمانی کوردستاندا، لەسەر هەموو پرسە سیاسییەکان بگەنە رێککەوتن و واز لە خەمساردی و لوتبەرزی بهێنن. پەرلمان کارا بکەنەوە و پرسی سەرۆکایەتی هەرێم چارەسەر بکەن و بەرنامە بۆ ریفراندۆمی گەڕنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، دابڕێژن و پیادەی بکەن.

رێککەوتنێکی ئەوتۆ، سەنگی کورد لە پایتەختی عێراق دەباتە سەرەوە و زلهێزەکانیش ناچارن حیسابی بۆ بکەن.

لەئاستی پێوەندییە دەرەکیەکاندا، پێویستە کورد بەیەکدەنگ لەگەڵ سوننە و شیعە و وڵاتانی ناوچەو زلهێزەکان دا کۆ بێتەوە و، تەنیا چاوی لەوە بێت کە زۆرترین دەسکەوت لە ئازادبوونی موسڵ بۆ کورد دەستەبەر بکات و دابەش نەبێت بەسەر هیزە ئیقلیمییە دژە کوردەکان دا. لەسەر ئاستی سەربازیش ،

کورد پێویستە بە یەکدەنگ پارێزگاری لە ناوچە رزگارکراوەکانی دەرەوەی هەرێم بکات و هیزی پێشەرگە بەسەر لایەنە سیاسییەکاندا، دابەش نەبێت و بە یەکگرتوویی لەوناوچانە خۆی جێگیر بکات، لەژێر هیچ چەشنە هەڕەشە و چاوسورکردنەوەیەکی شیعە و سونە و وڵاتانی ئیقلیمی لە ناوچە تازە رزگار کراوەکان نەکشێتەوە تا لە ئایندەدا، بە فەرمی و یاسایی بلکێنەوە بە خاکی باشوری کوردستانەوە.

قەیرانێکی ئاڵۆز سەراسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی تەنیوەتەوە. ئەو دۆخە ئاڵۆزەش دەخوازێ کە هەموو لایەک بە گیانێکی نیشتیمانی بەرزەوە هەسوکەوت بکەن و هەموو لایەک دەبێ بزانن، کە ” هێز ” لە یەکگرتوویی دایە و تەنیا ” یەکگرتن ” ە کە دەتوانێ مافەکانی کورد گەرەنتیی بکات. خوێنی شەهدە سەربەرزەکانمان بە فێڕۆ نەچێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com