تورکیا لە بارەی موسڵەوە هۆشداری دەداتە ئێران

0

نوچه‌نێت

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا هێرش دەکات سەر ئەو وڵاتانەی، کە دژایەتی بەشداری کردنی وڵاتەکەی لە شەڕی موسل دەکەن. ئەردۆغان جەخت دەکاتەوە، کە سنوورەکانی ئێستای تورکیا لە گەڵ عێراق و سوریا لە سەر رەزامەندی ئەم وڵاتە نەبووە و شاری موسل لە رووی مێژووییەوە بەشێکە لە قەلەمڕەوی ئەم وڵاتە.

ئەردۆغان رۆژی شەممەی رابردوو لە میانەی گوتاریکیدا لە شاری بورسای تورکیا، رەخنەی لە هەڵوێستی و سیاسەتی هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە و رۆژئاوایی گرت، کە دژایەتی بەشداری سەربازی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی شاری موسڵ دەکەن. ئەردۆغان گوتی، کاتێک ئەنقەرە لە بارەی سوریا و عێراق و بۆسنیا و کریمە هەڵوێست دەگرێ. هەندێک وڵات بە جۆرێک دەڕواننە تورکیا، وەک بڵێی ئەم وڵاتە لە ئاسمانەوە هاتنێ، لە کاتێکدا سەردەمانێک لە ئانتێپەوە بگرە تا حەلەب، لە ریزەوە بگرە تا کەنارەی باتۆمی لە جۆرجیا، لە بۆسنیاوە بگرە تا ئوسکوپی تورکیا، بە تێکڕایان دەکەوتنە چوارچێوەی یەکەیکی جوگرافی و لێک جیاکردنەوەیان بە فکری خەیاڵی کەسدا نەدەهات.

ئەردۆغان هەروەها گوتی، ئەم شارانە لە ئێستادا لە رووی جوگرافییەوە کەوتوونەتە چەند وڵاتی جیاواز، بەڵام ئێستاش لە هەرێمی سنورەکانی دڵی گەلی تورکیا جێگای تایبەت بە خۆی هەیە.

سەرۆککۆماری تورکیا ئەوەشی خستەڕوو، کە لە تێکڕای ئەم شارانە، ئێسک و پروسکی باپیرانمان و ئارەقەی نێوچاوانیان، تەنانەت خوێنی رژاویان بوونی هەیە. باپیرانی گەلی تورکیا ئەمڕۆ، کە لە ٣٠ وڵاتی جیاوازی جیهان مەزاریان هەیە و تورکیا ناتوانێت سه‌باره‌ت به‌ رووداوەکانی ئەم وڵاتانە کەمتەرخەم بێت.

سەرباری ئەوەی، کە بەرپرسانی عێراقی لە ماوەی رۆژانی رابردوودا لە بارەی هاتنی هێزەکانی سوپای تورکیا و بانگەشەی ئەم وڵاتە بۆ بەشداریکردنی لە شەڕی موسل، رەخنەیان لە ئەنقەرە گرتووە، بەڵام ئەم وڵاتە پێداگری لە هەڵوێست و سیاسەتەکانی خۆی کردۆتەوە.

حەیدەر عەبادی، لە میانەی دیداری لە گەڵ ئەشتۆن کارتەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا، جەختی لەوه‌ کردەوە، کە نابێ تورکیا بەشداری ئۆپەراسیۆنی موسڵ بێت، گوتیشی پرسی ئازادکردنەوەی موسل، پرسێکی ناوخۆییە و پەیوەندی بە تورکیاوە نییە.

کارتر دوای ئەوەی، کە لە تورکیاوە گەڕایەوە بۆ بەغدا، بە چەند مەبەستی تایبەت لە گەڵ بەرپرسانی عێراقی کۆبووەوە. یەکەم ئەوەی، کە لە بارەی چەند و چۆنی ئۆپەرایسۆنی موسڵ لە گەڵ بەرپرسانی ئەم وڵاتە کۆببێتەوە، دووەم ئەوەی، کە له‌بارەی تەنگژە و ئاڵۆزیەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدا، نێوانگیری بکات، بەڵام سەرۆکوەزیرانی عێراق وه‌ڵامی نا-ی بە کارتەر دایەوە و پێداگری لە سەر هەڵوێسی خۆی کرد.

هەر لەم پەیوەندیەدا، بیناڵی یەڵدرم پرێس کۆنفڕانسێکدا لە ئەنقەرە، لە بارەی پرسی موسڵ هۆشداری دا بە ئێران و عێراق.

بە گوێرەی سی.ئێن.ئێنی تورکی، یەڵدرم رایگەیاندووە، کە دەسەڵاتدارانی ئێرانی و عێراقی، سیاسەتی مەزهەبی و تایفی پێڕەو دەکەن. یەڵدرم راشیگەیاندووە، ئەم دوو وڵاتە دەبێ لە ئەنجام و دەرهاویشتەکانی شەڕی مەزهەبی ئاگادار بن و ئەوەی، کە ئێمە لە دەور یەک کۆدەکاتەوە، مەزهەب نییە، بەڵکو ئایینی ئیسلامە.

یەڵدرم گوتیشی، لە تورکیا ململانێی مەزهەبی رێگە پینەدراوە  و بوونی نییە، ئێمە نامانهەوێ، کەربەلایەکی دیکە ئەزموون بکەین و لە سیاسەتی ئیمەدا نییە، کە شەڕ و ململانێی مەزهەبی لە جیهانی ئیسلام دووبارە ببێتەوە.

سەرۆکوەزیرانی تورکیا راشیگەیاند، کە هەوڵمان ئەوەیە لە گەڵ ئێران لەم بارەیه‌وه‌ گفتوگۆی زیاتر بکەین، جەختیشی کردەوە، کە لە پەیوەندی لە گەڵ پەکەکە، لە گەل ئێران لە هاوکاریداین و دەبێ لە گفتوگۆکانمان بەردەوام بین.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com