نوچنێت- عه‌ره‌بی 21
مه‌هدی تاجیك، رۆژنامه‌وانی دیاری ئێرانی ده‌ڵێت، ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ی، كه ئێران ده‌یكات بۆ شه‌ڕكردن له سوریا، ئه‌و توندڕه‌وه‌انه‌ی به‌لای خۆیدا راكێشاوه، كه نوسراوی سه‌ر لافیته‌كانی به‌رگری كردن له مه‌زاری خاتوو زه‌ینه‌ب هه‌ڵیخه‌ڵه‌تاندوون، جگه له‌و نه‌ته‌وه‌ییه رق له‌دڵانه‌ی، كه پێیانوایه ئه‌مه جه‌نگی فارسه له دژی عه‌ره‌ب.
تاجیك ده‌ڵێت، ئه‌وانه‌ی بۆ به‌رگری كردن له مه‌زاره‌كانی شیعه چوونه‌ته سوریا، بوونی سه‌ربازی خۆیان به بیانووی به‌رگری كردن له مه‌زاری خاتوو زه‌ینه‌ب پاساوداوه، به‌ڵام به‌گری كردن له مه‌زاری خاتوو زه‌ینه‌ب گۆڕا بۆ ستراتیژێك بۆ رێگری كردن له رووخانی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د له سوریا.
ئه‌و پێیوایه، كه رژێمی ئێران فێڵی له گه‌له‌كه‌ی كرد به‌وه‌ی بوونی سه‌ربازه‌كانی له سوریا ره‌تكرده‌وه، پاشان گوتی ئه‌وانه راوێژكاری سه‌ربازین، به‌ڵام دواتر وێنه‌ی چه‌ك و به‌شداریی سه‌ربازیی ئێران ورده ورده ده‌ركه‌وت، بۆیه دواجار ئێران گوتی ئامانجمان له به‌شداری له شه‌ڕی سوریا بۆ به‌رگری كردنه له ئێران.
تاجیك ئاماژه‌ی به‌وه كرد، سیاسه‌تی ئێران به‌شێوه‌یه‌كی دراماتیكی گۆڕاوه له ماوه‌ی ساڵانی شه‌ڕی سوریادا، دوژمنه ته‌قلیدییه‌كانی له وێلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا و ئیسرائیله‌وه گۆڕا بۆ سعودیه، كه ئێستا بوه‌ته دوژمنێكی نوێ.
تاجیك ئه‌وه‌شی گوت، كه زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی پێشتر باسی دژایه‌تی كردنی ئه‌مریكا و ئیسرائیلیان ده‌كرد، ئێستا شانازی به باسكردنی دوژمنایه‌تی سعودیه‌وه ده‌كه‌ن، باسی ئامانجه‌كانیان ده‌كه‌ن بۆ وێرانكردنی سعودیه. ئاماژه‌ش به‌وه ده‌كه‌ن، كه به‌شداری كردنیان له شه‌ڕی سوریا له پێناو رزگاركردنی ئه‌سه‌د نییه، به‌ڵكو به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی سعودیه و هاوپه‌یمانه‌كانیه‌تی له ناوچه‌كه‌دا.
هه‌روه‌ها گوتی، سیستمی وڵاته‌كه‌ی كه‌شێكی وای دروست كردووه، كه رێگه له هه‌ر كه‌سێك ده‌گرێت ره‌خنه له ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی ئێران بگرێت له سوریا، به‌و بیانوه‌ی، كه ده‌ڵێن “ئه‌گه‌ر له سوریا له دژی داعش نه‌جه‌نگین، ئه‌وا ده‌بێت ئاماده بین له ناو تاران‌دا له دژی بجه‌نگین”.
تاجیك ده‌ڵێت ئه‌م گوته‌یه به ئاسانی باوه‌ڕ به ئه‌وانه ده‌هێنێت، كه ده‌ترسن له داعش، بۆیه به‌م هۆیه‌وه كۆمه‌ڵێكی زۆری كۆكردوه‌ته‌وه بۆ به‌شداری كردن له شه‌ڕی سوریادا بۆ پشتیوانی رژێمی ئه‌سه‌د.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه، كه وڵاته‌كه‌ی توانیویه‌تی هه‌ڕه‌شه‌ی داعش بگۆڕێت بۆ هه‌ڵێك بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رعیه‌ت بداته پرۆسه سه‌ربازییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی خۆی. ده‌شڵێت، له ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا ئه‌سته‌م بوو پێشبینی ئه‌و هه‌موو فراوانبوونه سه‌ربازییه‌ی ئێران بكه‌یت له ناوچه‌كه‌دا.
هه‌روه‌ها گوتی “ئێران سه‌یریكرد، كه ده‌ستێوه‌ردانه سه‌ربازییه ئیقلیمییه‌كانی هانده‌ری زۆر هه‌یه، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی، كه ره‌خنه‌شیان له سیاسه‌ته ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانی ئێران ده‌گرت، ئێستا وه‌ك ده‌ستێوه‌ردانێكی مه‌شروع سه‌یری ده‌كرێت”.
جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، كه ئه‌م به‌هه‌ده‌ردانی ئابووری و مرۆییه‌ی ئێران، به بێ هیچ پێداچوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام ده‌درێت، هه‌روه‌ك سوپای ئێرانیش هیچ راپۆرتێكی سه‌ربازییان سه‌باره‌ت به پرۆسه‌كانیان له سوریا بۆ گه‌ل و راگه‌یاندنی ئێران نه‌خستوه‌ته‌ڕوو، له كاتێكدا كۆڕ و كۆنگره بۆ رێزلێنان له‌م كوژراوانه‌ی سوپای ئێران له سوریا ئه‌نجام ده‌درێت.
چاودێرانی كاروباری ئێران پێیانوایه، شه‌قامی ئێرانی هیواخوازن دوای هه‌ڵگرتنی سزاكان و گێڕانه‌وه‌ی پاره‌كانیان له واشنتۆن، ئه‌و پارانه له پێناو باشكردنی ژیانی هاووڵاتیانی ئێران‌دا به‌كاربهێنرێت، كه باجی ئه‌و سزایانه ده‌ده‌ن، كه به هۆی پرۆگرامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێرانه‌وه خراوه‌ته سه‌رییان، به‌ڵام به‌رده‌وامی ئه‌و داهاته‌ی، كه بۆ شه‌ڕی سوریا و یه‌مه‌ن و لوبنان خه‌رج ده‌كرێت و نه‌بوونی گۆڕانكاری به‌رچاو له ئابووری وڵات‌دا، وای له ژماره‌یه‌ك له كه‌سایه‌تیه دیاره‌كانی ئێران كرد ره‌خنه له پشتیوانی ئێران بگرن بۆ رژیمی ئه‌سه‌د له سوریا.
سه‌باره‌ت به كۆنترۆڵكردنی سیاسه‌تی ئیقلیمی ئێران له لایه‌ن قاسم سوله‌یمانی، ئه‌و رۆژنامه‌وانه ئێرانییه ده‌ڵێت “پیویست بوو روحانی سنورێك دابنێت بۆ رۆڵی ده‌زگا سه‌ربازییه‌كان له دروستكردنی بڕیاردا له سیاسه‌تی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئێران‌دا، به‌ڵام تا ئێستا هه‌ر كه‌سه سه‌ربازییه‌كانن ستراتیژییه‌تی ئیقلیمی دیاری ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها تاجیك پێیوایه، كه له هاوكێشه ئیقلیمیه‌كاندا، سوله‌یمانی كاراتره نه‌ك جه‌واد زه‌ریف، هیچ بژارده‌یه‌ك له به‌رده‌م وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران‌دا نییه، جگه له رازی بوون به ستراتیژیه‌تی سوپای پاسداران له دۆسییه‌كانی ناوچه‌كه‌دا.