نوچه‌نێت- نیۆرك تایمز
رۆژنامه‌ی نیۆرك تایمزی ئه‌مریكی ئاشكرای كرد، وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا ده‌یان كه‌سی هه‌واڵگریی ناردوه‌ته عێراق بۆ چاودێری كردنی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی سه‌رۆكی رێكخراوی داعش، ئه‌مه جگه له ده‌ستكه‌وتنی هه‌ر زانیارییه‌ك په‌یوه‌ندی به ژێرخان و پێكهاته‌ی داعشه‌وه هه‌بێت، هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌ی داراییان، و هه‌ر زانیارییه‌ك سه‌باره‌ت به‌وه‌ی، كه داعش هێرش ده‌كاته سه‌ر ئه‌وروپا و سروشتی هێرشه‌كه چۆن ده‌بێت.
ئه‌ركی ئه‌و شاره‌زایانه‌ی هه‌واڵگریی ئه‌مریكا، كه پنتاگۆن ناردونی بۆ عێراق بۆ به‌شداری كردن له شه‌ڕی موسل، بریتیه له ناردنی هه‌ر زانیارییه‌كی گرنگ سه‌باره‌ت به شه‌ڕه‌كه، ئه‌ویش زانیارییه‌كان له باره‌ی سوپای عێراق و هه‌روه‌ها به‌پرسه ئه‌مریكییه‌كان ئه‌وانه‌ی، كه پلان داده‌نێن بۆ هێرش كردنه سه‌ر ره‌ققه له رۆژهه‌ڵاتی سوریا، هه‌روه‌ها دۆزینه‌وه‌ی به‌ڵگه سه‌باره‌ت به شوێنی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی سه‌رۆكی رێكخراوی داعش، سه‌ره‌ڕای ده‌ستكه‌وتنی هه‌ر زانیارییه‌ك، كه نیازی داعش بۆ ئه‌نجامدانی هێرش له ئه‌وروپا ده‌ربخات.
لیوا گاری جی فۆلسكی فه‌رمانده‌ی هێزه وشكانییه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق ده‌ڵێت، موسل گه‌وهه‌ری تاجه‌كه‌یه به‌لای داعشه‌وه، كه چه‌كداره‌كانی بۆ ماوه‌ی دوو ساڵه له‌و شاره‌دا ماونه‌ته‌وه، ئێمه چاوه‌ڕێی ده‌ستكه‌وتنی زانیاری هه‌واڵگریی گرنگ ده‌كه‌ین له‌و شاره‌وه.
به‌رپرسانی هه‌واڵگریی ئه‌مریكا و دژه‌تیرۆری ئه‌وروپا، به بێ ئارامییه‌وه چاوه‌ڕێی هه‌ر زانیارییه‌ك ده‌كه‌ن له كۆمپیوته‌ر و مۆبایله‌كانیانه‌وه، كه له ناو شاری موسڵه‌وه به‌ده‌ستیان بگات له چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا، ئه‌و به‌رپرسانه ترسی راكردنی چه‌كدارانی داعشیان هه‌یه له موسڵ و ره‌ققه‌وه بۆ وڵاتانی ئه‌وان.
به‌رپرسانی ئه‌مریكا زانیاری وردیان به ده‌ست گه‌یشتووه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی، كه 40 هه‌زار چه‌كداری داعش له 120 وڵاتی دنیاوه چونه سوریا و عێراق بۆ شه‌ڕكردن له رێزه‌كانی داعشدا.
به پێی گوته‌ی برێت ماكگۆركی نێرده‌ی تایبه‌تی باراك ئۆباما بۆ عێراق، له مۆبایلی یه‌كێك له چه‌كدارانی داعشه‌وه، ژماره‌ی مۆبایلی ده‌یان كه‌سیان ده‌ستكه‌وتووه، كه واشنتۆن له گه‌ڵ ئه‌ندامانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ لێكۆڵینه‌وه سودی لێده‌بینێت.
تا ئێستا روون نه‌بوه‌ته‌وه، كه داعش ده‌توانێت پێش ئه‌وه‌ی بگاته ده‌ست راوێژكاره ئه‌مریكییه‌كان، تۆماره ئه‌لیكترۆنیه‌كان و به‌ڵگه‌كانی تر له ناو ببات، به تایبه‌ت، كه داعش به‌وه ناسراوه، كه تۆماره‌كانی خۆی به شێوه‌یه‌كی ورد و سه‌رسوڕهێنه‌ر ده‌پارێزێت.
به‌رپرسه ئه‌مریكییه‌كان نایشارنه‌وه، كه ئه‌وان رووبه‌ڕووی ئه‌ركێكی ماندووكه‌ر ده‌بنه‌وه له كۆكردنه‌وه و شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یوه‌ندییان به داعشه‌وه هه‌یه، به تایبه‌تی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یوه‌ستن به موسڵه‌وه، پێشبینی ده‌كریت قه‌باره‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی له موسڵه‌وه ده‌ست ده‌كه‌وێت دوای ئه‌وه‌ی كۆنترۆڵ ده‌كرێته‌وه، زۆر زیاتر ده‌بێت له‌وه‌ی له شاری مونبجی سوریا به‌ده‌ست هاتووه.
عه‌قید جۆن دۆریان گوته‌بێژی سوپای ئه‌مریكا پێیوایه، هه‌تاكو هێزه‌كان به‌ره‌و موسڵ بڕۆن و نزیك ببنه‌وه، ئه‌وان زانیاری زیاتر به‌ده‌ست ده‌هێنن، ئاماژه‌شی به‌وه كردووه “ئه‌و زانیاریانه‌ی له موسڵه‌وه ده‌ست ده‌كه‌ون زۆر گرنگن، بۆ زانینی سروشتی تۆڕه‌كانی داعش له عێراق، سوریا و وڵاتانی تری جیهان، هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌له‌شمان ده‌داتێ، كه سه‌رچاوه‌كانی دارایی داعشمان بۆ ئاشكرا ببێت”.