نوچهنێت
لەوەی کە شاری موسڵ کۆنتڕۆڵ دەکرێتەوە،هیچ گومانک نییە. داعشی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦ هیچ خاڵی هاوبەش و وێکچوونێکی لە گەل داعشی بەهێز و رێکخراوی ئۆکتۆبەری ٢٠١٤ نییە.
پێشتر ئەم گروپە بە نمایش کردنی دەمامکی رەش و ریشی ئاڵۆز و درێژ، ببووە هۆی ترس و راونای سەرباز و پۆلیسی عێراقی لە شارەکە.
توانا و باری دارایی، رێژەی هێزی مرۆیی، مۆڕاڵ، قەلەمڕەو ولایەنی رێکخستنی ئەم گروپە وەک بزووتنەوەیەکی جیهادی، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا لاواز بووە.
هێرشە ئاسمانیەکانی هێزەکانی هاوپەیمان و راوێژی سەربازی ئەمریکیەکان، شەڕ و بەرەنگار هێزەکانی عێراقی بە تایبەتی هێزی پیشمەرگە لە رووی مەیدانییەوە، ئەو راستییەی سەلماندووە، کە ئەم پێکهاتەیە تا ئەم ساتانە سەرکەوتووە ببووە و داعشی بەرەو شکست و لاوازی بردووە.
داعش ناتوانێ براوەی شەڕی موسڵ بێت، بەڵام دەتوانێ لە خێرایی ئەم شەڕە کەم بکاتەوە و شەڕێکی خوێناوی بەرهەم بهێنێت، کە ئەمە لە خۆیدا کۆمەڵێک بەربەست و کۆسپ دەخاتە بەردەم پرۆسەی ئازادکردن و ئیدارەدانی ئەم شارە لە ئێستا و دوارۆژی ئەم شەڕەدا. ئەنجامێکی بەرایی دەتوانێ ماندووکردنی هێزی سەربازی لایەنەکانی بەشداری ئەم شەڕە بێت، تەنانەت ئەوان وەک هێزێکی شەڕکەر لە دژی خەڵکی شارەکە وێنا بکات.
دوایین بابەت، کە عێراق و هەولێر ناچارن بڕیاری لە سەر بدەن، کۆتایی هێنانه بە ژیانی داعشە لەم شارە، تەنانەت ئەگەر ناچار بووبێتن هاوپەیمانییەکە هەڵبوەشێننەوە، چ لە میانەی ئۆپەرایسۆنەکە، چ لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوەی شارەکە، کە رەنگە گرنگی ئەم بابەتە لە خودی گرتنەوەی شارەکە زیاتر بێت.
بە رواڵەت وادێتە بەرچاو، کە ئەم لایەنانە بەو ئەنجامە گەیشتوون، کە داڕشتنی میکانیزمێکی سیاسی بۆ چارەسەر کردنی بابەتە کێشە لە سەرەکان، پێش لە تێکشکاندنی یەکجاری داعش لەم شارە،زۆر واقع بینانە نەبێت. هەر بۆیە پێیان وایە، کە لە ئێستادا داعش لە رووی سەربازییەوە لاوازە، باشترین کاتە هێرش بکرێتە سەری و نیگەرانیەکان و چارەسەری کێشەکان لە دوارۆژدا چارەسەر بکرێت.
سەر باری ئەم کێشە و نیگەرانیانە، بەرپرسانی ئەمریکی و عێراقی دەڵێن، بۆ ئیدارەدانی شارەکە و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و جیگێر کردنی دۆخێک بۆ ژیانی ئاسایی لەم شارە، پلانی تایبەت بە خۆیانیان هەیە و هەڵسەنگاندن و جێبەجیکردنی ئەم پلانانەیان داناوە بۆ قۆناغی پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارەکە، بەڵام لەم نێوەدا هەمدیسان کۆمەڵێک کێشە وێنا دەکرێن، کە دەتوانن کاریگەریان بە سەر سەقامگیری و دواڕۆژی ئەم وڵاتە هەبێت.
یەکێک لەم کێشانە، ئیدیعای لایەنەکانە بۆ خاوەندارێتی کردنی ئەو ناوچانەی، کە دەکەونە سەر سنوری ئاڵۆز و کێشە لە سەری هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق. کێشەیەکی سەرەکی دیکە، چۆنیەتی دابەشکردنی دەسەڵاتە لە نێوان سوننە، شیعە، کورد و کەمینەکانی وەک مەسیحی و تورکمان.