ئۆڕشەلیم پۆست: شەڕی موسڵ دەستی ئێران ئاوەڵا دەکات

0

نوچه‌نێت_ئۆرشەلیم پۆست

رۆژنامەی ئیسرائیلی ئۆرشەلیم پۆست لە گوتارێکدا بە ئاماژەدان بە دەستپێکی ئۆپەرایسۆنی گرتنەوەی شاری موسڵ و شکستی كۆتایی داعش لەم ئۆپەرایسۆنە، دەنووسێت: ئەمریکا بە سیاسەتە هەڵه‌کانی خۆی رێگەی بە گروپەکانی ژێر پشتیوانی ئێران دا، کە بەشداری لەم شەڕە بکەن، کە ئەنجامەکەی دەبێتە هۆی باڵادەستی ئێران لە ناوچەکە.

بە گوێرەی ئۆرشەلیم پۆست، ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسڵ نیشانی دا، کە داعش وەک دامەزراوەیەکی کارامە رووی لە کۆتاییە و رەنگە ئەم شەڕە چەند مانگ درێژەی هەبێت، بەڵام داعش لە ئەنجامدا بەشێکی زۆر لە قەڵەمڕەوی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی لە سوریا و عێراق لە دەست دەدات.

ئۆرشەلیم پۆست ئاماژە بەوەش دەدات، کە رەنگە داعش ئایدیۆلۆژیای خۆی بپارێزێت و بەشێک لە دەسەڵات و قەڵەمڕەوی خۆی بپارێزێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە داعشێکی گەورەی دیکە بوونی نامێنێت.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەی ئۆرشەلیم پۆستدا هاتووە، جیهان ئێستا فۆكسی کردۆتە سەر شەڕی موسڵ، بەڵام هەفتەی رابردوو داعش یەکێک لە سیمبۆلەکانی خۆی لە دەست دا. داعش لە هاوینی ٢٠١٤ شاری دابقی کۆنتڕۆڵ کرد و ئاڵای خۆی تێدا هەڵدا، ئەم ئاڵایە دواتر بوو بە هێمای درێژەکێشانی شەڕ و راکێشانی ژمارەیەک لە خەڵکی جیهان بۆ بەشداری کردن لەم شەڕە، بەڵام بە کەمترین تێچوو ئەم شارە لە لایەن هێزە سوریەکانەوە کۆنتڕۆڵ کرایەوە.

 

ئۆرشەلیم پۆست هەروەها دەنووسێت، ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی موسڵ بە خێراییەکی زۆر دەچێتە پێش، خێراتر لەوەی، کە چاوەڕوان دەکرا. ئەنجامی شەڕی موسڵ روونە، بەڵام سیاسەتی ئەمریکا لەم بارەیه‌وە هەڵەیە، چونکه‌ رێگەی بە هێزەکانی ژێر پشتیوانی ئێران دا، کە بەشداری ئەم شەڕە بن. ئەوەی لێرە بۆ ئیسرائیل زۆر جێی نیگەرانیە، ئەنجامەکانی دواتری ئەم شەڕە  و گرتنەوەی شارەکەیە. لە دوای ئەم شەڕە حکومەتی شیعەی عێراقی لەم شارە باڵا دەست دەبێ و ئەمەش یارمەتی بە پێکهاتنی هیلالی شیعی دەدات، کە لە ئێرانەوە دەست پێدەکات و لە دوای عێراق، سوریا و لوبنان دەگاتە دەریای مەدیتەرانە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com