نوچهنێت
ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی موسل چەند رۆژێکە دەستی پێکردووە. چاودێرانی سیاسی بە ئاماژەدان بەوەی، کە موسڵ، گەورەترین شاری سوننە نشینی عێراقە و زۆریەک لە فەرماندە باڵاکانی بەعس لەم شارە سەریان هەڵداوە. ئازاد کردنەوەی ئەم شارە بە خاڵی گۆڕانێکی سیاسی لە داهاتووی عێراق هەژمار دەکەن.
بە گوتەی شارەزایانی سیاسی، چارەنووسی موسڵ گرێ دراوە بە توانایی سێ پێکهاتەی گەورەی شیعە، کورد و سوننە و شێوەی ئیدارەی ئەم شارە لە دوای کۆنتڕۆڵ کردنەوەی.
رەنگە گروپەکانی شیعە وێڕای هێزەکانی سوپا و پۆلیسی ئەم وڵاتە بچنە ناو شارەکەوە.چوونی هێزە شیعەکان بە تایبەتی هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ ناو موسڵ رەنگە ببێتە هۆی گەشانەوەی ئاگری فیرقەگەرایی و شەڕی تائیفی،کە ئەمە دواتر ئیدارەدانی ئەم شارە لە گەڵ کێشەی ناوخۆیی و دەستوەردانی دەرەکی بەرەوروو دەکاتەوە.
تاوەکوو ئێستا گەلێک ناوچە وشاری دیکەی عێراق لە ژێر دەستی داعش دەرهاتووە، بەڵام گرنگی موسڵ و کاریگەری و شوێندانەری بوونی لە سەر چارەنووسی گشتیی عێراق بە گشتی جیاوازە. ئایندەی شاری موسڵ لە دوای ئازاکردنی، چارەنووس و داهاتووی عێراق بە گشتی دەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە و وهڵامی ئەم پرسیارە دەخاتەڕوو، کە ئایا عێراق بە یەکگرتووی دەمێێتەوە یان پارچە پارچە دەکرێت. هۆکارەکانی ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵکەوتەی ستراتیژی شارەکە، جیاوازی و ناکۆکی ناوخۆیی و دەرەکی لە بارەی ئەم شارە، فرەچەشنی پێکهاتەی دانیشتوانی و رۆڵ و گرنگی ئەم شارە بۆ سوننەکان.
موسڵ گەورەترین شاری سوننە نشینی عێراقە، کە زۆریەک لە فەرماندە باڵاکانی رژێمی بەعس و رێبەرانی سیاسی سوننەی ئێستای عێراقیش سەریان تێدا هەڵداوە. لەم رووەوە چارەنووسی ئەم شارە کار دەکاتە سەر چارەنووسی گشتی ناوچە سوننە نشینەکانی عێراق. ئەم دۆخی ئەم شارە بەرەو جۆرێک لە سەربەخۆیی یان حکومەتی فیدڕاڵی بچێت، ئەگەری پەیوەست بوونیش شار و ناوچە سوننەکانی دیکەی عێراق بەم شارە زۆرە، واتە جۆرێک لە پێکەوە لکاندنی قەڵەمڕەوی سوننە. ئەگەری دیکە، مەسەلەی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانە، لە وەها حاڵەتێکدا سنوور و پەیوەندیە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغداد دادەخرێ و سەربەخۆیی کوردستان و پێکهاتنی دەوڵەتی کوردی بە دوور لە چاوەڕوانی نییە. لەم سۆنگەیەوە مانهوەی موسڵ لە چوارچێوەی عێراق یان جیابوونەوەی بە هەر شێوەیەک بووبێت، کار دەکات سەر چارەنووسی گشتی عێراق.
دراوسێتی و نزیکایەتی موسڵ لە گەڵ ناوچە سوننە نشینەکانی سوریا، ئایدیا و بیرۆکەی پێکهاتنی وڵاتێکی سوننە پێکهاتوو لە ناوچە سوننەکانی عێراق و سوریا خستۆتە رۆژەڤەوە. ئەم بیرۆکەیە لە لایەن سعودیە، قەتەر و تورکیا، پێشوازی و پشتگیری لێ دەکرێت. هۆکاری پێداگری لە رادەبەدەری تورکیا بۆ بەشداریکردنی لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردەوەی شاری موسل، لە ئێستادا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئەم وڵاتە خوازیاری بیینی رۆڵ و دەوری خۆیەتی لە دیاریکردی چارەنووسی ئەم شارە. سەرباری ئەوەی، کە خاوەندارێتی شاری موسڵ لە مێژ ساڵە بۆتە خاڵی جیاوازی و ناکۆکی لە نێوان عێراق و تورکیا. بەستراوەیی ئەم شارە بە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ پشتیوانی بەریتانیا لە ساڵی ١٩٤٦ و دوای ئەوەی، کە بڕیارنامەی پەیوەندیدار لەم بارەیهوە لە لایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتی بە قازانجی عێراقی ئەو کات دەرکرا. سەرباری ئەم مێژووە، تورکیا ساڵانی پێشوو و ئێستاشی لە گەڵ بێت پڕوپاگهندهی خۆی لە بارەی ئەم شارەوە نەشاردۆتەوە و بەردەوام لە لێدوان و هەڵوێستی ناوە بە ناوەی بەرپرسانی تورکیا ئاماژەی پێدراوە.
جیابوونەوە یان سەربەخۆیی رێژەیی ناوچە سوننە نشینەکانی عێراق، هاوکات دەبێتە هۆی پەرەسەندنی دەسەڵاتی ئێران لە ناوچە شیعەنشینەکانی ئەم وڵاتە لە باشور و ناوەند. ئەمەش لە خۆیدا هۆی پەرەسەندنی فیرقەگەرایی و دابەشکردنی بە کردەوەی ئەم ناوچانەیە بە سەر گروپە ناوخۆیی و دەرەکیەکان، کە ئەنجامە كۆتاییهكهی کردنەوەی بەرەکانی شەڕی فیرقەیی و تائیفییە.
شاری موسڵ و ناوچەکانی دەوروبەری، شوێنی ژیانی ژمارەیەکی زۆر لە کەمینەکانی عێراقە. لە مەسیحیەکانەوه بگرە تا دەگاتە ئێزیدیەکان، کاکەییەکان، تورکمانەکان و شیعەکان، کە لەم شارەدا کەمینە هەژمار دەکرێن.هەنووکە چارەنووسی ئەم کەمینانە و مەسەلەی گەڕانەوەیان بۆ شارەکە و چۆنیەتی ئیدارە کردنی ئەم ناوچانە یەکێک لە پرسە جددیەکانە لە دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ. گروپێک لە کەمینەکان خوازیاری ناوچە شێوە سەربەخۆن بە پشتیوانی نێودەوڵەتی، کە ئەنجامەکەی دواجار دەبێتە دابەشبوونی هەر چی زیاتری عێراق.
بوون یان چوونی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی یەکێک لە کێشەکانی دیکەی بەردەم ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسڵە. هەر چەند سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، کە لە دەرەوەی شارەکە جێگیر بن و پشتیوانی لە سوپای عێراق وهێزەکانی پۆلیس بکەن، بەڵام هیچ گەرەنتییەک بۆ نەچوون یان پێشگرتن بە چوونیان بۆ ناو شارەکە لە ئارادا نییە. ژمارەیەک لەم چەکدارانە دانیشتوانی شیعەی تەلەعفەرن لە رۆژئاوای موسڵ و چوونیان بۆ ناو موسڵ بە مافێکی سروشتی خۆیان لێکدەدەنەوە.
بەرژەوەندیە ئابوریەکانی گروپە ناوخۆیی و دەرەکەکانی چالاک لە دیاریکردنی دۆخ و چارەنووسی موسل، فاکتەرێکی دیکەیە، کە دەبێ لە بەرچاو بگیردرێت. شاری موسڵ خاوەنی سەرچاوەکانی ئاوە بە تایبەت، بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، جێی بایەخ و گرنگە. دابەشکردی ئەم بەرژەوەندیە ئابوریانە بە سەر ئەم گروپانە لە خۆیا کێشەیەکی گەورەترە. بێجگە لەمەش، هەلکەوتەی ستراتیژی ئەم ناوچەیە لە رووی ترانزێت و گواستنەوە، قورساییەکی زیاتری بەم شارە داوە. پارێزگای نەینەوا ئاڵقەی پەیوەندی وڵاتانی کەنداوی فارسە، بە رێگای ناوچەکانی باشوری عێراق بۆ تورکیا و سوریا، هەروەها ئاوە ئازادەکان و ئەوروپا لە رێگای دەریای مەدیتەرانەوە. کرانەوەی ئەم شاڕێیە ترانزیتییە، دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی ترانزیت و گواستنەوەی کاڵا لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا، کە لە ئێستادا لە رێگەی کاناڵی سوئیسەوە ئەنجام دەدرێت.