عێراق و كوردستان لهدوای ئازادكردنی موسڵ
بههره حهمهڕهش: پرۆسهی ئازادكردنی موسڵ دهستپێكراوه، ئایا ئهو گرفتانهی دوای ئازادكردنی موسڵ بۆ كورد دێنه پێش چین و چاوهڕوانی چی دهكرێت ؟
نهمانی داعش لهموسڵ، نهمانی مهترسییه لهسهر كوردستان ؟
لهڕووی سیاسی و جوگرافی و سهربازییهوه، هیچ مهترسییهك لهدوای نهمانی داعش لهموسڵ چاوهڕوانكراوه بۆ كوردستان ؟ ئهگهر چاوهڕوانكراوه ئهو مهترسیانه چین ؟
ئایا سێبهر و مهترسی ئیسلامی توندڕهو لهسهر كوردستان نامێنێت ؟
كورد دهبێت چۆن خۆی ئامادهبكات بۆ قۆناغی دوای داعش لهموسڵ ؟
چی بكات بۆ ئهوهی ئهو مهترسیانهی ههستپێكراون كهم بكرێنهوه ؟
پهیوهندییهكانی ههولێرو بهغدا چۆن دهبن و دهبێت چۆن بن ؟
مامەند رۆژە:
موسڵ لە سێلاوە، بە دانیشتوانی كورد و خاكی كوردستان دەورەدراوە. تەنانەت كەرتی خۆرهەڵاتی دیجلەش لەناو شارەكە بەزۆری كوردنشینن. بۆیە لە گەلێك رووەوە كاریگەری لەسەر پایەكانی ئاسایشی نیشتمانی كوردستان هەیە، بۆیە رزگاركردنی ئەم شارە و رۆڵی كورد تێیدا دەبێ یەكلاكەرەوە بێـت، بەڵام تەنگژەی موسڵ ئەوە نییە، بە شكستی داعش كۆتایی پێبێت، بەڵكو دوای قەڵاچۆكردنی داعش تەنگژە گەورەكە دەسپێدەكات، ئەوسا پرسی موسڵ بۆ كورد گرنگتر دەبێت، چونكە موسڵ هەمیشە سەرچاوەی هەڕەشەی ئەمنییە بۆ كوردستان.
ئەگەر بێتو ئەمجارە كورد، باش هەژمونی خۆی بەسەر دەروبەری واتە كەوانەی ئەمنی دەوری موسڵدا نەسەپێنێ، ئەوە دیارنییە دوای داعش چی هێزێكی ترسناكتر بۆ كورد سەرهەڵدەدات. تەنگژە گەورەكەش لەمەوە دێ كە چەندین فاكتەری ناوخۆیی، ناوچەییو سەرووناوچەیی لە موسڵ بەریەك دەكەون: كورد، عەرەب، توركمان، سوریانی، سوننە، شیعە، ئێزدی، كاكەیی، شەبەك، توركیا، ئێران، سعودی، ئەمەریكا، روسیاو تاد.
گرفتێكی دیكەش كە بەرۆكی كوردستان دەگرێ، یەكلانەبوونەوەی كێشەی ئەو ناوچە كوردنشینانەیە، كە ئێستا هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەخوێن رزگاریكردوون. هێشتا ئەمە یەكلایی نەبۆتەوەو ئەگەری ئەوەی لێدەكرێ كێشەی جیاوازی لێبكەوێتەوە.
بە نەمانی داعش تەنها یەك سەرچاوەی هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان كەمدەبێتەوە، لەكاتێكدا سەرچاوەی تازەی هەڕەشە پەیدا دەبن. چەند سیناریۆیەك هەن كە پێویستە بڕیارسازانی كورد لەبەر چاوی بگرن. ئەم چەند سیناریۆیەش پەیوەندیان بەم چەند سەرچاوەیەی هەڕەشەوە هەیە:
1- هەڕەشەی هەڵكشانی حەشدی شەعبی، كە ئەگەری بەهێز ئەوەیە لە دورگە شیعەنشینەكانی موسڵ بنكەی خۆیان بەرفراوان بكەن. ئەمە بۆ هەرێمی كوردستانیش هەڕەشە دەئافرێنێـت.
2- هەڕەشەی حەشدی نیشتمانی و چەكدارە توركمان و عەرەبەكان كە توركیا پشتیوانیان لێدەكات.
٣ – هەڕەشەی بەریەك كەوتنی كوردی – كوردی كە لە شەنگالەوە تا رەبیعە هێزەكانی یەبەشەی سەربە پەكەكە سەنگەریان گرتووەو ئیدیعایان لەسەر شەنگال و ناوچەكانی موسڵ هەیە.
لە وەڵامی پرسیاری دووەمدا وەڵامی ئەم پرسیارەم دایەوە كە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر خاك و دانیشتوان هەیە كە بریتین لە: هەڕەشەكانی حەشدی شەعبیو شیعەكانی ئێراق، هەڕەشەی حەشدی نیشتمانی بەپشتیوانی توركیا كە حەزیان لە چارەی كورد نییەو لێرە سەنتێزێكی عەرەبی سوننەو توركمانی سوننە بەپشتیوانی توركیا هاتۆتەكایەوە لەگەڵ هەڕەشەی بەریەك كەوتنی كوردی – كوردی.
ئەگەر مەبەستت لە ئیسلامی توندڕەو ئیسلامی جیهادی تەكفیری بێ ،كە ئەمڕۆ خۆی لە داعشدا دەبینێتەوە، ئەوە ناتوانین بێژین هەڕەشەكەی بنبڕ دەكرێ، چونكە هەتا ئەو ژینگە سوننە عەرەبییە بمێنێ كە هەست بە ستەمو بێبەشی دەكا، هەست بە چەوسانەوە دەكا، ئەوە ئەگەری پەیدابوونی چەندین داعش و قاعیدەی دیكەش دەكرێت. تائێستاش هیچ لایەنێك ئیرادەی ئەوەی نیشاننەداوە كە هەوڵی نەهێشتنی ستەم، بێبەشی ناوچە سوننەكان بدات. بۆیە سەرچاوەی هەڕەشەی سەلەفی – جیهادی بەناو و بەشێوەی جیاوازتر دەمێنێت.
هەرێمی كوردستان پێویستە باش دیراسەی بەرژەوەندییە جیۆسیاسییەكانی لەدوای ئۆپەراسیۆنی موسڵ بكات. پێویستە دۆكتۆرینێكی سەربازی و سیاسی تایبەت دابڕێژرێ بۆ ئەوەی هەژمونی سەربازی كورد لە “كەوانەی ئەمنی” چواردەوری موسڵدا بمێنێتەوە، لەپێناو ئەوەی هەمیشە بەرەنگاری سەرچاوەكانی هەڕەشە ببێتەوە كە لە موسڵەوە سەرهەڵدەدەن.
هەروەها كورد پێویستە دەسبەجێ دوای ئۆپەراسیۆنەكە گشتپرسییەك لەناوچەكانی شەنگال و دەشتی نەینەوا ئەنجامبدەن بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی كوردی ئێزدی، كوردی كاكەیی، كوردی شەبەك، سوریانی – ئاسوری و تەنانەت توركمانو تەنانەت ئەو عەرەبانەیشی پێیان باشە، بێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، بەئیرادەی خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.
بۆ رەواندنەوەی مەترسییەكان پێویستە پێش هەموو شتێك دۆكتۆرینێك بۆ ئاسایشی نیشتمانی كوردستان دابڕێژرێت. بەپێی ئەم دۆكتۆرینە ئەوە پێویستە پلانسازییەكی ستراتیژی دەستەبەربكرێ هەتاوەكو بەپێی ئەم پلانسازییە كورد بتوانێ ئەولەویەتە ستراتیژی و ئەمنییەكانی لە نەینەوا پۆلێنبەندی بكات. هەروەها پێویستە پشتیوانی لەو پرۆژەیە بكرێت، كە ناوچەی شەنگال بكرێتە پارێزگایەك بەناوی “ئێزیدخان” و لەلایەن خودی كوردە ئێزدییەكانەوە بەڕێوەببرێت.
جگە لەوە پشتیوانی لە پڕۆژەی بەپارێزگاكردنی دەشتی نەینەوا بۆ برا كریستیانەكان بكرێ بۆ ئەوەی خۆیان كاروباری خۆیان بەڕێوەبەرن. دواتر دەكرێ ئەم دوو پارێزگایە بەئیرادەی خۆیان بێنەوەسەر خاكی كوردستان. ئەم پرۆژەیە پشتیوانی جیهانیو نێودەوڵەتی بۆ كورد، دەستەبەردەكا كە پێیدەگوترێ پارامەتری دەرەكی، كە رۆڵی یەكلاكەرەوەی لەسەر نەهێشتنی مەترسیەكان لەدژی كوردستان هەیە.