نوچەنێت
سەرۆککۆماری تورکیا، خوازیاری پێداچوونەوە بە پەیمانی نێودەوڵەتی لۆزانە، کە بەو پێیە سنورەکانی ئێستای ئەم وڵاتە دیاری کراوە.
بە گوێرەی میدیاکانی جیهانی عەرەب، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە،١٩ی ئۆکتۆبەر لە میانەی وتارێکدا لە کۆشکی سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە داوای کرد، پێداچوونەوە بە رێککەوتننامەی لۆزان بکرێ کە لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم و لە ساڵی ١٩٢٣ی زایینی لە شاری لۆزانی سویس واژۆ کراوە. بەو پێیە سنورەکانی ئێستای کۆماری تورکیا دیاری کراوە و لە لایەن کۆمەڵگای جیهانییەوە بە فەرمی ناسراوە.
سەرۆککۆماری تورکیا جەختیشی لەوەکردەوە، کە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەم وڵاتە لە باکوری سوریا کە بە “قەڵغانی فورات” ناوبانگی دەرکردووە، کۆمەڵێک دەستکەوتی بەداوە بووە، کە تەنانەت هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات، دەستکەوتی وای نەبووە.
ئەردۆغان راشیگەیاند، کە لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنە، بەم زوانە ناوچەیەکی پارێزراو لە باکوری پارێزگای حەلەب لە سوریا، رادەگەیەنێ کە رووبەرەکەی پێنج هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە دەبێت.
ئەردۆغان گوتیشی: بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات هیچ جۆرە پشتیوانییەک لەم وڵاتە نەکراوە و، پرسیان بە کەسیش نەکردووە. جەختیشی کردەوە کە هاووڵاتیانی سوری، دوای ئازادکردنەوەی شارەکانی جرابلۆس و دابق، دەگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ژیانی ئاسایی خۆیان دەست پێدەکەنەوە.
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها گوتی: لە پێشڕەوی کردنمان بەرەو شاری “الباب” لە باکوری حەلەب بەردەوامین، چونکە مەترسیەکان بۆ سەر تورکیا بەردەوامن. سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها دەڵێت، ئێمە ناتوانین چاوەڕێ بکەین کە مەترسی رێکخراوە تیرۆریستیەکان بگاتە پشت دیوارەکانی تورکیا،هەر لە ئێستاوە رێکخراوە تیرۆریستیەکان دەکەینە ئامانج ، لە هەر جێگایەک بۆمان بکرێت.
ئەردۆغان بە ئاماژەدان بەوەی، کە تورکیا ٣٠ ساڵە ل دژی پەکەکە دەجەنگێت، جەختی کردەوە کە رێگە نادەن هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستی لە سەر خاکی تورکیا هەست بە ئارامی بکات و ئەم رێکخراوانەش دوو رێگایان لە بەردەم دایە، یان دەبێ خۆیان بە دەستەوە بدەن یان ئەوەی کە ئەم وڵاتە بە جێ بهێڵن.
سەرۆکۆماری تورکیا هەروەها لە پەیوەندی لە گەل حەلەب و مەسەلەی چوونە دەرەوەی چەکدارەکانی بەرەی نوسرە لەم شارە گوتی: لەم بارەیەوە لە گەڵ پوتین، لە رێگای تەلەفۆنەوە گفتوگۆمان کردووە. هەروەها هۆشداری دەدات کە رەنگە درێژە کێشانی شەڕ لەم شارە ببێتە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەکی زۆر لە دانیشتوانی و رەنگە تا یەک ملیۆن کەس بێنە ناو خاکی تورکیاوە.
ئەردٶغان دەڵێت، پوتین پێی گوتم، بۆردوومانی ئەم شارەیان راگرتووە و داوای لێکردن لە بارەی چوونە دەرەوەی بەرە نوسرە لەم شارە نێوانگیری بکەین. منیش بەش بە حاڵی خۆم بە بەرپرسانی پەیوەندیدارم راگەیاندووە ئەوەی لە توانایاندایە و پێویستە، ئەنجامی بدەن. لەم بارەیەوە لە گەل روسیا رێککەوتووین، تا هەل و دەرفەتی ژیان بۆ دانیشتوانی حەلەب فەراهەم بکەین.
ئەردٶغان لە بارەی موسڵ و ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەم شارە گوتی:عێراق ناتوانێ دۆستێکی وەک تورکیای هەبێت، ئەگەر ئازاری بدەن، ئەم دۆستایەتیەیان لە کیس دەچێت.
ئەردۆغآن لە درێژەدا گوتی:هەڵوێستی ئێمە نە شەڕ خوازییە و نە پێشێل کردنی سەروەری عێراق،هیچ نییەتێکی خراپیش لە پشتەوەی ئەم هەڵوێستە نییە. ئێمە دەمانهەوێ لە شوێنێک بین کە لەوێوە لە پێناو سەربەخۆیی و ئایندەی خۆمان تێبکۆشین، لە ئێستادا ئەم جێگای موسڵە،هەر بۆیە لەوێ دەبین.
سەرۆککۆماری تورکیا ئەوەشی خستە روو: کە لە گەڵ سوریا ٩١١ هەزار کیلۆمتر و لە گەڵ عێراق ٣٥٠ کیلۆمەتر سنووری هاوبەشمان هەیە. ئەو کات چاوەڕوانی ئەوەمان لێ دەکەن کە بێ دەنگی هەڵبژێرین، لە کاتێکدا وڵاتی وڵات هەیە بێ ئەوەی سنووری هاوبەشی لە گەڵ ئەم وڵاتانە هەبێت،هەر کارێک پێی خۆش بێ، هەنگاوی بۆ دەنێتەوە.