نوچەنێت
ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لەلایەن پێشمەرگەوە دەستیپێکرد و هێزەکانی پێشمەرگە بنکە و پێگەکانی داعشیان لە دەورووبەری موسڵ بۆردوومانکرد.
لە کاتژمێر 5:30 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 17-10-2016 ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ بە هێرشی پێشمەرگە بۆ سەر پێگەکانی داعش لە پارێزگای موسڵ دەستیپێکرد و بە پێی زانیارییەکان ئۆپەراسیۆنەکە بە چەند قۆناغێک بەرێوەدەچێت.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 17-10-2016 کاتژمێر 2:00 حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵی راگەیاند و داوای لە دانیشتووانی موسڵ کرد هاوکاریی هێزە عێراقییەکان بکەن بۆ ئەوەی پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ بە خێرایی بەڕێوەبچێت.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وەک یەکەمین فەرماندەی پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕ گوتی “ئەمڕۆ پێشمەرگە بەو بەرنامەیەی کە هەیەتی ئۆپەراسیۆنەکە دەستپێدەکات، کە ئەمە یەکەم هەنگاوە بۆ ئازادکردنەوەی یەکجاری موسڵ”.
شێخ جەعفەر گوتی “لە سەرتاسەری میحوەری خازر بەرنامەی بۆ دانراوە و شوێنەکانی بۆ دیاریی کراوە بەبێ جیاوازی لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی گشتی هێزەکانی پێشمەرگە کارەکانیان جێبەجێی دەکەن، لەهەندێ میحوەرەوە هێزە عێراقییەکان پیشڕەوی دەکەن و دوای ئەوەی پێشمەرگە ناوچەکانی خۆی ئازادکرد سوپای عێراق پیشڕەوی دەکات و لەکوێ پێویستیان بە پاڵپشتی پێشمەرگە بوو لەوێ یارمەتییان دەدەین”.