نوچەنێت- تۆڕی هەواڵی عێراق
حامد جەزائیری پیاوی ئایینی شیعەكان و فەرماندە لە حەشدی شەعبی و ئەمینداری گشتی سەرایای خوراسانی رۆژی هەیینی رایگەیاند: حەشدی شەعبی و سەرۆكوەزیرانی عێراق و هەموو عێراق لە ژێر فەرمانی قاسم سولەیمانیدایە، لە بەر ئەوەی پیاوێكی ئاسایی نییە و لە هەموو جێگایەك لە دژی كوفر دەجەنگێت و بەرگری لە شیعە دەكات.
جەزائیری سەبارەت بە پەیوەندی حەشدی شەعبی بە ئێرانەوە گوتی “حەشدی شەعبی لە ئامێزی ئێراندا پەروەردە بووە، زۆرینەی فەرماندەكانی حەشدی شەعبی ئەو عێراقییانەن، كە لە جەنگی نێوان عێراق و ئێراندا، لە گەڵ سوپای پاسداران لە دژی عێراق جەنگاون”.
هەروەها گوتی “مادام شوێنكەوتووی ویلایەتی فەقێ و خامنەیی لە عێراق و سوریا هەیە، كەواتە مافی ئێران و سوپای پاسدارانە دەستێوەردانی سەربازی بكەن، چونكە ئەوە بەرگرییە لە یەك ئوممەت، كە ئەویش ئومەتی ویلایەتی فەقێیە لە ناوچەكەدا”.
هەروەها جەزائیری گوتی “پێمان وایە قوربانییەكانمان لە پێناو بەرگری كردنە لە ئێران، خوێنی عێراقیەكان، كە دەڕێژێت لەم جەنگەدا لە بازنەی بەرگری لە كۆماری ئیسلامی ئێران ناچێتە دەرەوە، چونكە ئێمە لە حەشدی شەعبیدا پێمان وایە هاوسۆزییمان بۆ یەك ئوممەت هەیە ئەویش ئوممەتی ویلایەتی فەقێیە، هیچ جیاوازییەك نییە لە نێوان جەنگكردن لە سوریا، عێراق و ئێران”.
سەبارەت بە بوونی قاسم سولەیمانی لە عێراق، جەزائیری گوتی “پێمان وایە ئەو پیاوێكی ئاسایی نییە، سەرچاوەیەكی مەعنەوی و پاڵنەرێكی بە جۆشە بۆ پرۆسەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق”. هەروەها دەڵێت “ئێمە وەك حەشدی شەعبی دڵسۆزی ژەنەراڵ قاسم سولەیمانین، چونكە هیچ كەسێكیتر نییە هێندەی سولەیمانی خاوەنی بوێری و ئازایەتی بێت. بۆیە حەیدەر عەبادی هەموو دۆسیە سەربازیی و ئەمنییەكان و فەرماندەیی پرۆسە سەربازییەكانی داوەتە دەست ژەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی، ئێستا پلەی سولەیمانی هاوتای پلەی عەبادیە لە حوكمی عێراقدا”.