
پەڕلەمانتارێکی گۆڕان: من بۆ شەڕە نەعل نەچوومەتە پەڕلەمان
نوچەنێت
د.رێباز فەتاح ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان، رەخنە لەوانە دەگرێت، کە لەسەریان دەنوسن و دەڵێت، ئەم چەند رۆژە ئێمەتان زەربی سفرکرد، لەکاتێکدا زۆر بەرگریمان لەخەڵک کردووە، راشی دەگەیەنێت، کە ئەو بۆ شەڕە نەعل نەچۆتە پەڕلەمان.
ئەو ئەندامەی پەڕلەمان لە فراکسیۆنی گۆڕان، لە سەر پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی”ئەم چەند رۆژە ئیشی ئێمەتان زەربی سفر کرد، ئێمە زۆرمان بەرگری لە خەلک کرد، بەڵام کێ بەرگری لە ئێمە کرد کاتێک لە ناو پەرلەمان لێمان درا، ئیهانە کراین، سەرمان شکێنرا، تەنانەت فەسلیشیان کردین. چەند کەس خۆپیشاندانی کرد؟
کاتێک پەرلەمانتارێکی گۆڕان دەبە ئاوی گرتە سەرۆک و بە ئیهانە لە پەرلەمان کردیانە دەرەوە، هەلوێستی خەڵک چی بوو بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو بڕیارە؟”.
لەبارەی کاری خۆیەوە لەپەڕلەمان د.رێباز فەتاح دەڵێت”زۆرێک لەوانەی لەسەرمان دەنوسن پێیان وایە دەبێت هەمو ڕۆژ تاکە نەعل بگرینە خەڵک، من بۆ شەڕە تاکە نەعل نەهاتوم، هاتوم بە عەقڵ و مەنتیق بە خەڵکی بسەلمێنم کە پەیامەکەم ڕاستە”.
لەلایەکی ترەوە لەبارەی ئەو مندالەی لەچەمچەماڵ گیانی لەدەستدا، ئەو ئەندامەی پەڕلەمان لەلێدوانێکدا بۆ نوچەنێت، دەڵێت” ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەبێت، دوای هەواڵەکە هیچ بەیاننامەیەکمان بڵاو نەکردۆتەوە، تا دڵنیابین لە راستی رووداوەکە، ئەندامی فراکسیۆنمان لە لیژنەی کۆمەڵایەتی ئاگادارکردەوە تا لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە بکات”.
لەبارەی راپۆرتە جیاوازەکانی کەناڵی کەی ئێن ئێن و گەلی کوردستان. لەبارەی هۆکاری مردنی ئەو مناڵە. دکتۆر رێباز دەڵێت”هەر کەس و لایەنێک بە ئەنقەست هەواڵی هەڵە بڵاو بکاتەوە، دەبێت بەگوێرەی یاسا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت”.