نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە شەڕی ئازادكردنی موسڵ جگە لە ئاڵای عێراق ئاڵای تر نابێت بەرز بكرێتەوە تانەبێتە هۆی کێشە لەو پرۆسە سەربازیەدا.
بۆ پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ هێزی عێراقی لە میحوەرەكانی نزیک لە هێزی پێشمەرگە جێگر دەكرێن، بەڵام لە سنوری میحوەری مەخمور هێزێكی شیعە مەزهەب ئاڵای تایفەگەریان بەرز كردۆتەوە، کە ئەمەش بۆتە هۆی دورستبوونی كێشە لە نێوان هێزە عێراقیەكان و پێشمەرگە.
لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچەنێت، شاخەوان عەبدوڵڵا ئەندامی لیژنەی ئاسایش وبەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسۆنی پارتی، لە بارەی هاتنی هێزە عێراقیەكان بۆ نێو شاری مەخمور رایگەیاند: پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ نزیك دەبێتەوە رۆژانەش هێز رەوانەی میحوەرەكان دەكرێت دوێنێ 14-10-2016 هێزێكی سەر بە سوپای عێراق هاتوونەتە سنوری مەخمور بۆ بەشداری كردن لە شەری ئازادكردنی موسڵ بۆ ئەوەی لە قۆڵی میحوەری مەخمور پێشڕەوی بكەن بۆ رزگار كردنی موسڵ.
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت “بەداخەوە ئەو هێزە عێراقیەی ئاڵای رەمزی حوسێن و عەباس یان بەرز كردۆتەوە، كە ئەمەش رەمزی تایفی شیعەكانە، بۆیە لە مەخمور رێگریان لێكراوە تێپەڕن بۆ ناوچەكانی سنوری شەرگات و گەیارە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی “بە پێ رێكکەوتن، كە لە نێوان هەرێم و بەغدا كراوە، كە جگە لە ئاڵای عێراق نابێت هیچ ئاڵایەكی تر بەرز بكرێتەوە، بریاریش دراوە جگە لە ئاڵای عێراق هەر هێزێكی تری عێراقی ئاڵای دیكە بەرز بكاتەوە رێگەی پێنەدرێت.