جێگری پارێزگاری نەینەوا: لە شەڕی موسڵ پێشوازی لە بەشداری توركیا دەكەین

0

نوچەنێت- عەرەبی 21

حەسەن عەلاف، جێگری پارێزگاری نەینەوا رۆژی شەممە 15-10-2016 رایگەیاند، هێزە سەربازییەكان بە تەواوی لە سەر سنورەكانی موسڵ كۆبوونەوە و تەنها چەند كاژێرێكمان ماوە بۆ راگەیاندنی دەستپێكردنی شەڕەكە، ئەوەش پەیوەستە بە حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە، پێشوازیش لە بەشداری توركیا كرد، لە شەڕەكەدا.

جێگری پارێزگار لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی “تەنها هێزەكانی سوپای عێراق و هێزی دژەتیرۆری عێراق (فیرقەی ئاڵتونی) و پۆلیسی ناوخۆیی و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەچنە ناو موسڵەوە، هێزەكانی تر لە دەرەوەی شارەكە دەمێننەوە”.

عەلاف روونیشی كردەوە، كە حەشدی شەعبی، حەشدی نیشتمانی، هۆزەكان و هێزی پێشكەرگە، لە دەرەوەی شارەكە دەمێننەوە پشتیوانی سوپا دەكەن، ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی پێشێلكاری و دەستدرێژی بۆ سەر خەڵكی سڤیل روونەدات.

سەبارەت بە گرەنتی ئەوەی، كە دەستدرێژی بۆسەر دانیشتوان روونەدات لە كاتێكدا، كە ئاوارەی دەرەوەی شارەكە بوون، عەلاف گوتی “لە رێككەوتنی نێوان هێزەكاندا جەخت لە سەر مانەوەی دانیشتوان كراوەتەوە لە شوێنی خۆیان، ئەگەر پێویستیش بكات شوێنەكانیان چۆڵ بكەن، ئەوا هەر ئاوارەبوونی ناوخۆیی دەبێت و راڕەوی سەلامەت و خێوەتگایان بۆ ئامادە كراوە”.

ئەو بەرپرسە ئاماژەشی بەوە كرد، كە ئەو راڕەوانەی بۆ دەربازبوونی دانیشتوانی موسڵ ئامادە كراوە لە ناوچەی شێخان، تلكێف، رەبیعەی نزیك هەرێمی كوردستانن و تەنها سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی لێیە و هیچ هێزێكی تری لێنیە، كە مۆركی تایفەگەری پێوەبێت لەو ناوچانەدا.

سەبارەت بە دووپاتكردنەوەكانی ئەردۆغان بۆ بەشداری كردنی توركیا لە شەڕی موسڵدا،عەلاف گوتی، پێشوازی لە هەموو هەوڵێك دەكەین بۆ گرتنەوەی شاری موسڵ لە دەست چەكدارانی داعش، بە مەرجێك بە هەماهەنگی لە گەڵ حكومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستان بێت.

جێگری پارێزگار هەروەها گوتی “توركیا دراوسێمانە و زۆر یارمەتی پارێزگای نەینەوای داوە لە رووی بە هاناوە هاتن و لەخۆگرتنی ئاوارەكانەوە و پێویستە لەم بارەیەوە سوپاس بكرێت، بەشداری سەربازیشی لە پارێزگاكە پێشوازی لێدەكرێت، بەڵام دەبێت سەرەتا لە گەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان رێكبكەوێت.

رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆككۆماری توركیا، پیشتر گوتووبووی، كە سورین لە سەر بەشداری كردنمان لە گەڵ هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی گرتنەوەی موسڵ لە دەست چەكدارانی داعش، ئەگەر ئەم پلانەمان رەتكرایەوە ئەوا پلانی “ب” بەكاردەهێنین، ئەگەر ئەویش سەری نەگرت ئەوا پلانی “ج” بەكاردەهێنین، توركیا دەوڵەتێكی  دامەزراوەییە، نەك خێڵەكی، دەبێت هەمووان ئەوە بزانن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com