نوچەنێت
نووری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە بارەی کۆنترۆڵکردنەوەی ی شارموسڵ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و، تێێدا دەڵێت، دەبێ دوای کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ، شارەکە وەکو جارانی لێبێتەوە بەهەموو یەکە ئیدارییەکانی، هەروەها دەبێت هەموو ئەو هێزانەی بەزەبری هێز سنوری تازەیان داناوە، بگەڕێنەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “شاری موسڵ بەهۆی پیلانگێڕییەکی هاوبەشی هێزەکانی ناوخۆ و دەرەکی، کەوت، ئێستاش ئامادەکارییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە لەلایەن هێزە چەکدارەکان و حەشدی شەعبی، بەرەو تەواوبوون دەچن”.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا مالیکی گوتویەتی “ئەوانەی بوونە هۆی کەوتنی موسڵ ئێستا لەجموجۆڵدان، لەسەرووی هەمووشیانەوە تورکیایە کە دەیەوێت یاری بە پێکهاتەکانی موسڵ بکات. ئەو دەستوەردانەی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ، لە چاوی هەموو دونیادا شتێکی مەترسیدارە، ئەنجامەکەشی تێکدەرانە دەبێت و کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر یەکێتیی پێکهاتەکانی شاری موسڵ و عێراق بەگشتی دەبێت”.
هەروەها هاتووە”دەبێت لە شەڕی موسڵ، حەشدی شەعبی بەشێوەیەکی فراوان بەشدار بێت”.
مالیکی لەڕاگەیەندراوەکەدا هاوکات باس لەوەدەکات “لەیەکەم ئامانجەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە، جگە لە کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ، پارێزگاریکردنە لە سنووری ئیداری ئەو شارە، گەڕاندنەوەی هەموو پێکهاتەکانی بۆ خاکەکەی خۆیان و یارینەکردنە بەو نەخشەیەی ماوەیەکی زۆرە خەڵکەکەی بەهۆیەوە بەیەکەوە دەژین”.
لەبارەی حەشدی شەعبیشەوە گوتویەتی”بەشداریکردنی حەشدی شەعبی لە شەڕی موسڵ کارێکی پێویستە و ئەرکە، هەروەها گەرەنتیشە بۆ پاراستنی یەکگرتوویی موسڵ لە هەموو هەوڵەکان بۆ پارچەکردنی و ئەنجامدانی پاکتاوی رەگەزی، مەزهەبی و ئایینی، بۆیە من هیوادارم حکومەت بەباشی رێگە بە هێزەکانی حەشدی شەعبی بدات بۆبەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکە”.
مالیکی لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەیدا روودەکاتە ئەو کەسانەی کەدەڵێن، حەشدی شەعبی ئامانجی دیکەی هەیە لە پشت ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ و، دەڵێت “حەشدی شەعبی ناوچەکان کۆنترۆڵدەکاتەوە و جێیان دەهێڵێ”.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا مالیکی تەئکید دەکاتەوە لەوەی “دەبێت هەموو ئەو هێزانەی بەزەبری هێز سنووری تازەیان داناوە، بگەڕێنەوە و ئێمە دەزانین هیچ شتێک بەهۆی هێز نەبراوە، بەڵکو رەوشەکە قۆستراوەتەوە و هەڵکشانی ناوخۆیی و دەرەکی بەو هۆیەوە روویانداوە”.