لۆزان، چانسێکی دیکە بۆ سوریا

0

نوچەنێت

دوای زنجیرە دانیشتنەکانی مۆسکۆ، جنێف، واشنتۆن، لەندەن، پاریس، وڵاتانی ئەمریکا، روسیا، سعودیە، ئێران، قەتەر، تورکیا، ئەمڕۆ شەممە 15ی ئۆکتۆبەر، لە لۆزان کۆبوونەوە تا ئەمجارەش ناوی لۆزان بخرێتە مێژووی هەزاران لاپەرەیی شەڕ و قەیرای سوریاوە و دەرگایەک بە رووی چارەسەری قەیرانی ئەم وڵاتەدا بکاتەوە.

بە گوێرەی رۆیتەرز، وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا، روسیا و چەندین وڵاتی دیکە، کە سعودیە و ئێرانیش لە خۆ دەگرێت، ئەمرۆ لە لۆزانی سویس لە دەور یەک کۆدەبنەوە. دوای ئەوەی، کە وتووێژەکانی پێشوو لە بارەی سوریاوە شکستیهێنا، پێشبینی ئەوە دەکرێ، کە جۆن کێری، سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی لە هەر جۆرە دیدار و دانیشتنێکی دوو لایەنە لە گەڵ بەرپرسانی روسیا خۆی دوور بگرێت. کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئێران، روسیا، ئەمریکا، سعودیە، عێراق، میسر، تورکیا  و قەتەر، رەنگە پەیوەندی بەم بنبەستە دیپلۆماسیەی نێوان ئەمریکا و روسیاوە هەبێت.

خاڵی جیاکەرەو و جیاوازی ئەم دانیشتنە لە گەڵ دانیشتنەکانی پێشووتر، ئامادەنەبوون و غیابی ئەوروپیەکان و کۆبوونەوەی بەهێزترین پشتیوانان، لە هەمان کاتدا دژبەرانی بەشار ئەسەدە لە شاری لۆزان.

دانیشتنی لۆزان لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت، کە سێ هەفتە بە سەر بنبەست و شکستی وتووێژەکانی روسیا و ئەمریکا، لە بارەی سوریاوە تێپەڕ دەبێت. ئەم شکستە سێبەری قورسی خستۆتە سەر دانیشتنەکەی ئەمڕۆ و هەر وەک کۆشکی سپی و کرملین رایانگەیاندووە، چاوەڕێی دەستکەوت و بەرەوپێش چوون لەم دانیشتنە ناکرێت.

مارک تونەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەم بارەیەوە گوتوویەتی “پێشبینی ناکەین، کە وتووێژەکانی ئەمڕۆی لۆزان کرانەوەیەکی بەداوە بێت. بەڵام هەوڵی خۆمان دەدەین، کە هەوڵە چەند لایەنەکان بۆ چارەسەی قەیرانی سوریا بخەینەوە گەڕ”.

ئەم لێدوانەی تونەر، هاوشێوە و نزیکە لە لێدوانەکەی سێرگی لاڤرۆف، وەزیری دەرەوەی روسیا، کە گوتوویەتی “چاوەڕێ ناکەم ئەم دانیشتنە دەستکەوتێکی بەداوە بێت و ئێمە هەوڵمان ئەوەیە، کە هەڵسەنگاندن بۆ رادەی ئامادەیی لایەنەکان بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش بکەین”.

لاڤرۆف جەختی کردۆتەوە، کە بە نیاز نین لە پەیوەندی لە گەڵ قەیرانی سوریا، روانگە و پلانێکی نوێ بخەنەڕوو. بەڵام گنادی گاتیلۆف، جێگری لاڤرۆف جەختی کردۆتەوە، کە روسیا دەیهەوێ بۆ جارێکی دیکە گەڵاڵەکەی ستێڤان دی مستۆرا، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان، بۆ کاروباری سوریا و بنەماکانی ئاگربەستە شکست خواردووەکەی مانگی رابردوو تاوتوێ بکەنەوە.

گاتیلف بە ئاژانسی ئینتەر فەکسی گوتووە “کاتی ئەوە هاتووە، کە هەنگاوەکانی پەیوەست بە رەوتی سیاسی گشتگیر لە سوریا دەست پێبکەینەوە”.

لەم نێوەدا، تورکیا وەک ئەکتەریکی سەرەکی لەم گەمەیە رایگەیاندووە، کە گەڵاڵەیەکی 5 خاڵیان بۆ ئەم دانیشتنە ئامادە کردووە، گەر چی خۆدی بەرپرسانی تورکیا، وەک خۆیان ناکرێ زۆی پشت و هیوای پێ ببەسترێ.

بە سەرنج دان بە دۆخی نالەباری مرۆیی شاری حەلەب، تەوەری سەرەکی دانیشتنی لۆزان دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتیە بۆ ئەم شارە ستراتیژیە. پێکهێنانی ئاگربەست و گەیاندنی یارمەتی بە سەدان هەزار کەس خەڵکی مەدەنی و گەمارۆدراوی ئەم شارە، خواستی سەرەکی کۆمەڵگای نیودەوڵەتیە لە ئێستادا.

لە بەرەبەری دانیشتنی لۆزان، چوار رێکخراوی نێودەوڵەتی و فریاگوزاری لە نامەیەکدا، کە ئاراستەی بەشداربووانی دانیشتنی لۆزانیان کردووە، خوازیاری ئاگربەستی دەستبەجێ  و بەپەلە بوونە لە شاری حەلەب. ئەم نامەیە لە لایەن رێکخراوەکان “منداڵان رزگار بکەن (Save the Children)” گروپی نێودەوڵەتی فریاگوزاری ئاکسفام، لیژنەی نێودەوڵەتی رزگارکردن و ئەنجومەنی پەنابەرای نەرویجەوە واژۆکراون.

ئەم چوار رێکخراوەیە بە شێوەیەکی دیاریکراو، خوازیاری ئاگربەستێکی 72 کاتژمێرین، کە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی دژبەران، کە دەکەوێتە رۆژهەلاتی شاری حەلەبەوە.

دوای شکستهێنانی ئاگر بەستەکەی سوریا و رێککەتنی روسیا و ئەمریکا لەم بارەیەوە، تاکو ئێستا زیاتر لە 130 منداڵ لە شاری حەلەب، گیانیان لە دەست داوە و بە لانی کەمەوە 400 منداڵیش بریندار بوونە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com