نوچەنێت- شەفەق نیوز
هێزەكانی پێشمەرگە رۆژی هەینی 14-10-2016 رێگەیان لە چوونە ناوەوەی دوو لیوای سوپای عێراق گرتووە، بەهۆی بەرزكردنەوەی ئاڵایەك، كە مۆركی تایفەگەری لە سەر بووە.
سەرچاوەیەك لە سوپای عێراق رایگەیاند، پێشمەرگە رێگەی لە فیرقەی شانزەی سوپای عێراق گرتووە بۆ چوونە ناو قەزای مەخمور و لە سەر لە بەیانیەوە لە ناحیەی دیبەگەی باشوری رۆژهەڵاتی موسڵ رایانگرتوون.
هەروەها سەرچاوەکە گوتی، هۆكاری ئەو رێگریكردنە دەگەڕێتەوە بۆ بەرزكردنەوەی ئاڵایەك، كە مۆركی تایەفەگەری لە سەر بووە، كە هێزەكانی پێشمەرگە داوایان لێكردوون ئەو ئاڵایانە بێننە خوارەوە، بەڵام ئەوان گوێیان بە داواكارییەكەی پێشمەرگە نەداوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە كردووە، كە ئەو هێزەی سوپای عێراق لە رێگەدا بووە بۆ ناوچەی ئیحتیشادی نزیك بەنداوی موسڵ، بۆ ئامادەكاری بۆ شەڕی چاوەڕوانكراوی موسڵ.
ئەفسەرێكی هێزی پێشمەرگەش رایگەیاند: هێزی پێشمەرگە داوای لە ئەندامانی سوپای عێراق كردووە، تەنها ئاڵای عێراق بەرز بكەنەوە و ئەو ئاڵایانە بەرز نەكەنەوە، كە مۆركی تایفەگەرییان پێوەیە، بۆ ئەوەی شەڕی موسڵ نەگۆڕێت بۆ شەڕی تایفەگەری و شیكردنەوەی تری بۆ نەكرێت.
ئەو ئەفسەرەی هێزی پێشمەرگە هەروەها گوتی “وتووێژ لە نێوان فەرماندەكاندا بەردەوامە و كێشەكە چارەسەر دەكرێت”.
پێشتر حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتنە رێككەوتن، سەبارەت بە هەڵمەتی سەربازی گرتنەوەی موسڵ.
یەكێك لە خاڵەكانی رێككەوتنەكە، رێگەدانە بە سوپای عێراق بە تێپەڕین بە هەرێمی كوردستاندا بۆ ناوچەی ئیحتیشاد، پێش دەستپێكردنی هێرشەكە.