نوچەنێت-دەنگی ئەمریکا
رۆژێک پێش دەستپێکی خولی نوێی وتوێژەکانی ئەمریکا و روسیا و ژمارەیەک لە هێزە ناوچهیهكان لە بارەی سوریاوە، ئاژانسی رۆیتەرز رایدەگەیەنێ، سەرۆککۆماری ئەمریکا و راوێژکارەکانی بۆ هەڵسەنگاندن و تاوتوێ کردنی بژاردەکانی بەردەست، لەوانە بژاردەی سەربازی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی ئەم وڵاتە کۆدەبنەوە.
رۆیتەرز، ئەمڕۆ هەینی 14ی ئۆکتۆبەر، لە راپۆرتێکی تایبەتدا لە زاری بەرپرسانی ئیدارەی ئۆبامەوە رایگەیاند: لە کاتێکدا، کە هێرشی هێزەکانی بەشار ئەسەد بۆ سەر حەلەب و ناوچەکانی دیکەی سوریا، چاوەرێ دەکرێ، باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا و راوێژکارانی، پێش لە دەستپێکی دانیشتنی سبەینێ، بۆ هەڵسەنگاندن و تاوتوێ کردنی بژاردەکانی دیکەی ئەمریکا، لەوانە بژاردەی سەربازی کۆدبنەوە.
ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمریکی بە رۆیتەرزیان گوتووە، کە ئەم بابەتە لە واشنتۆن لە رۆژەڤدایە، کە ئەمریکا دەبێ بە هێزێکی زۆرترەوە مامەڵە لە گەڵ قەیرانی سوریادا بکات یان ئەوەی، کە خۆی ئامادە بکات هێز و دەسەڵاتی بە سەر گروپە میانەڕەوەکانی سوریا لە دەست بدات.
ئەمریکا، کە تاکو ئێستا لە دەستوەردانی سەربازی راستەوخۆی سەربازی لە سوریا خۆی بواردووە و رایگەیاندووە، کە سەرباری هەڵپەساردنی وتووێژەکانی لە گەڵ روسیا لە بارهی قەیرانی سوریا، بەردەوام دەبێت لە گرتنه پێشی بژاردە دیپلۆماسیەکان بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سوریا. هەروەها راشیگەیاندووە، کە بژاردەی سەربازی یەکیک لەو بژاردانەیە، کە بە جددی تاوتووێی دەکات.