نوچەنێت- بی بی سی
شەڕی راگەیاندن لە نێوان حكومەتی بەغدا و ئەنقەرە
شەڕی راگەیاندن و وشە گۆڕینەوەی نێوان بەرپرسە عێراقی و توركەكان, گرنگترین خاسیەتەكانی پەیوەندییە دیپلۆماسیەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دراوسێیە دەردەخات، ئەویش بەهۆی شەڕی گرتنەوەی موسڵ، كە عێراق بەشداری كردنی ئەنقەرە لەو شەڕەدا رەتدەكاتەوە و پێیوایە دەستدرێژیە بۆ سەر سەروەری عێراق.
“دەبێت سنوری خۆت بزانیت, تۆ لە ئاستی ئەوەدا نیت، قسە لەبارەی سوپای توركیاوە بكەیت”. ئەمە لێدوانەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆككۆماری توركیا بوو سەبارەت بە حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق, كە جەختی لە بەشداری نەكردنی ئەنقەرە كردەوە لە شەڕی گرتنەوەی موسڵ لە دەست چەكدارانی داعش.
سەربازگەی باشیك خاڵی بنەڕەتی ناكۆكیەكانە
پێگەی كەناڵی بی بی سی دەڵێت، هۆكاری زیادبوونی ناكۆكیەكانی نێوان عێراق و توركیا، بوونی هێزی توركیایە لە باكوری عێراق، كە بە 2000 چەكدار دەخەمڵێنرێت لە سەربازگەی باشیك، ئەو هێزە مەشق و راهێنان بە چەكدارە سوننەكان دەكات لە عێراق، بۆ بەشداری كردنیان لە شەڕی گرتنەوەی موسڵ.
بەغدا بوونی ئەو هێزە لە باشیك رەتدەكاتەوە، بە جۆرێك حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق گوتی، ئەوانە هێزێكی داگیركەرن و دەیانەوێت شەڕێکی ناوچەیی هەڵبگیرسێنن.
رای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە سەر بارگرژیەكانی نێوان توركیا و عێراق
ئەو راپۆرتەی بی بی سی دەڵێت، ئەو گرژیانە تەنها هەڕەشە لە بەشداری توركیا ناكەن لە شەڕی گرتنەوەی موسڵ، بەڵكو هەڕەشە لە داهاتووی شەڕەكەش دەكەن، سەرەڕای ئارەزووی عێراق بۆ دەستپێكردنی شەڕی گرتنەوەی موسڵ، بەڵام ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەڵێت، دەبێت پێش دەستپێكردنی شەڕەكە هەماهەنگی تەواو لە گەڵ هەموو لایەنەكاندا بكات.
میتین جورجان، شرۆڤەكاری سەربازی ئەمریكی دەڵێت، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هیچ شەڕێكی جیاوازی ناوێت، بەڵكو پێویستە لە سەر هەمووان پێش دەستپێكردنی شەڕەكە رێكکبكەون، ئەگەر توركیا دەیەوێت بەشداری لە شەڕی گرتنەوەی موسڵدا بكات، بە بێ رەزامەندی بەغدا، ئەوا جگە لە داعش گەمەیەكی نوێ لە ناوچەكەدا دەخولقێنێت.