نوچەنێت-ئاژانسەکان
پێگەی ئینتەرنێتی رۆژنامەی گاردیان دەڵێت، ئێران پلانی دەستراگەیشتنی بە ئاوەکانی مەدیتەرانەی هەیە.
گاردیان لەم بارەیەوە دەنووسێت، هەموو گروپە میلیشیاکان، کە لە ژێر فەرماندەیی و دەسەڵاتی ئێران، لە سوریا و عێراق دەجەنگن، هەوڵ دەدەن کۆریدۆرێکی ستراتیژی بۆ تاران پێک بهێنن، کە ئامانجی سەرەکی ئەم پلانەش دەستراگەیشتنی ئێرانە بە هێزێکی سەروو ناوچەیی.
نووسەری گوتارەکەی گاردیان نەخشەیەکی وێناکردووە، کە تاران، بەعقوبە، شرگات، شنگال و رەبیعە لە عێراق و شارەکانی قامیشلو، کۆبانێ، حەلەب، ئەدلیب، حەمس و لازقیە پێکەوە گرێ دەدات.
لە گوتارەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە ئێران زیاتر لە هەموو کات هەوڵ دەدات کاریگەری بە سەر وڵاتانی عەرەبیەوە هەبێت. وتووێژە دوورودرێژەکان لە گەل بەرپرسانی عێراقی و سوریا و هاووڵاتیانی ئەم دوو وڵاتە ئەوە نیشان دەدەن، کە ئێران لە 2014 بەم لاوە ئەجێندای پێکهاتنی ئەم کۆریدۆرەی هەیە و ئەم پرۆژەیەش لە ژێر چاودێری قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئەم وڵاتە بەڕێوەدەچێت.