نوچەنێت- عەرەبی جەدید
شێخ شامۆ پەرلەمانتاری ئێزدییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایكرد، ئەو چەكدارانەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) كە لە ناوچەی شنگالن چوونە ناو پێكهاتەكانی حەشدی شەعبیەوە.
شامۆ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی “حەشدی شەعبی دەستی كردوە بە دابەشكردنی چەكدارانی پەكەكە بە سەر یەكەكانیدا، بە جۆرێك هەر فەوجێكی حەشدی شەعبی كۆمەڵێك چەكداری پەكەكەی تێدایە، هەروەها جل و بەرگی حەشدی شەعبیان بە سەردا دابەشكراوە و ئامادەكراون بۆ بەشداری كردن لە شەڕی گرتنەوەی موسڵدا.
هەروەها وتی “دەیانەوێت بە ناوی حەشدەوە پەكەكە بەشداری پێبكەن لە شەڕی موسڵدا، بۆیە بە سەر یەكەكانی حەشدی شەعبیدا دابەشكراون”.
ئەو پەرلەمانتارەی ئێزدییەكان مەترسی ئەوەی پیشاندا، كە بەشداری كردنی پەكەكە لە شەڕی موسڵ بیانووی بەهێز دەداتە توركیا، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی گەورەتر بەشداری شەڕی موسڵ بكات.
هەر لەم بارەیەوە بەرپرسێكی كورد، حكومەتی عێراقی بە كاركردن بۆ ئاژاوە نانەوە لە هەرێمی كوردستان تۆمەتبار كرد، لە رێگەی بە سەربازكردنی چەكدارانی پەكەكەی ئۆپۆزسیۆنی توركیا.
مەحما خەلیل قائیمقامی قەزای شەنگال گوتی “حكومەتی عێراق بە ئامانجی نانەوەی ئاژاوە لە ناوچەكەدا چەكدارانی پەكەكەی بە سەرباز كردوە لە ناو حەشدی شەعبیدا”.
مەحما خەلیل هەروەها گوتی “دەسەڵاتدارانی عێراق چەكدارانی پەكەكەیان لە قەزای شنگالدا كۆكردوەتەوە، بە ئامانجی دەستوەردان لە كاروباری شەنگال و هەرێمی كوردستان لە رێگەی ئەم گروپەوە، بەمەش هەڕەشە لە دانیشتوانی ناوچەكە دەكەن و خێزانەكان ناگەڕێنەوە، لە دوای ئازادكردنیشی لە دەستی داعش”.
قایمقامی شەنگال دەڵێت “بوونی چەكدارانی پەكەكە لە ناوچەكەمان رەتدەكەینەوە، پێویستە حكومەتی عێراق ئاگاداریان بكاتەوە، كە دەبێت لە ناوچەكە بڕۆنە دەرەوە و هیچ شوێنێك بۆ ئەوان لێرە نییە”.
ئەو بەرپرسەی شنگال پێی وایە، كە بوونی پەكەكە لە شنگال هۆكاری خراپبوونی دۆخی ناوچەكەیە و بە تێپەڕبوونی كاتیش زیاتر خراپ دەبێت، پێویستە بڕۆنە گۆڕەپانی راستەقینەی كاری خۆیان، كە توركیایە.