نوچەنێت- تۆڕی هەواڵی عێراق
بیناڵی یڵدرم، سەرۆكوەزیرانی توركیا سەركۆنەی ئەو رەخنە بەردەوامانەی بەغدای كرد، سەبارەت بە بوونی هێزی توركیا لە سەربازگەی باشیكی باكوری عێراق.
یڵدرم لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی “عێراق پێش ئەوەی رەخنە لە توركیا بگرێت دەبێت خۆی دەوڵەت بێت، حكومەتی عێراق بە بێ دەنگی مایەوە سەرەڕای بوونی هێزی چەندین دەوڵەت لە خاكەكەیدا، كە هیچ پەیوەندییەكیان بە ناوچەكەوە نییە، بەڵام لە بابەتی توركیادا وروژا”.
یەڵدرم ئەوەشی گوت، “ئەوانەی باس لە بوونی ئێمە دەكەن لە عێراق، دەبێت سەرەتا وڵاتەكەی خۆیان بپارێزن، دەبێت پێش رەخنە گرتن لە توركیا بزانن مانای دەوڵەت چیە، ئەگینا دەبنە مایەی گاڵتەجاڕی”.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا رووی دەمی دەكاتە عێراقیەكان و دەڵێت “ئەگەر بەردەوام بن لە لەخۆگرتنی رێكخراوی تیرۆرستی و ئەو كەسانەی، كە هیچ بەشدار نین لە چارەسەركردنی كێشەی وڵاتەكەتان، ئەوا بە دڵنیایەوە توركیا رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی سنورەكانی و گیانی هاووڵاتیەكانی و مافی خۆشیەتی ئەو كارە بكات”.