نوچهنێت
چەند بەڵگەنامەیەکی نهێنی ویكیلیكس دەریدەخەن هیلاری کلنتن، کاندیدی پارتی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، رۆڵی گرنگی لە داڕشتنی سیاسەتی ئیدارەی باراک ئۆباما بۆ لەناوبردنی داعش هەبووە و داواشی کردووە کورد پڕچەك بکرێن بۆ لەنێوبردنی داعش و نیگەرانی تورکیا و بەغداش له بهرچاو نهگرن.
له چهند رۆژی رابردوویشدا لە هەردوو دیبەتی سەرۆکایەتی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، هیلاری دووپاتیکردوەتەوە، ئەگەر ئەو ببێتە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا یارمەتی هێزە کوردییەکان دەدات.
بەڵگەنامەکان لە لایەن رێکخراوی ویکیلیکسەوە بڵاوکراونەتەوە و زۆربەیان لە رۆژی 18-8-2014 لە لایەن هیلاری کلینتنەوە بۆ جۆن پۆدێستا، راوێژکاری ئەو کاتەی کۆشکی سپی نێردراون.
ئەو بڵگەنامانە دەریدەخەن هیلاری کلنتن ستراتیژیەتێکی وردی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش داڕشتووە و، ئیدارەی ئۆباماش سوودی زۆری لەو ستراتیژیەتە بۆ لەناوبردنی داعش وەرگرتووە.
یەکێک لە ستراتیژیەتەکانی هیلاری بۆ لەناوبردنی داعش دایڕشتووە، پڕچەککردنی هێزە لۆکاڵییەکانە، لەوانەش هێزە کوردییەکان. هیلاری رایگەیاندووە پڕچەککردنی ئەو هێزانە و پشتگیریکردنیان لە لایەن هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، دەبێتە یارمەتیدەرێک بۆ ئەوەی ئەو هێزانە بتوانن رووبەڕووی داعش ببنەوە و شکستی پێ بهێنن.
کاندیدەکەی دیموکراتەکان داوا لە کۆشکی سپی دەکات پاڵپشتی خۆی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات بکاتەوە و نیگەرانی تورکیا و بەغداش لەبەرامبەر پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەبەرچاو نەگرێت و، چەکی پێشکەوتوو بداتە هێزەکانی پێشمەرگە.
هەر لە بەڵگەنامەکاندا هاتووە، حکومەتی عێراق بە پێدانی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی زیاتر بە کوردەکان رازیە، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبردنی هاوبەشی کێڵگە نەوتییەکانی دەوروبەری کەرکووک و پرۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەنداوی موسڵ حکومەتی ناوەندی بێبەش نەکات.
یەکێکی دیکە لە ستراتیژیەکانی هیلاری بۆ رووبەڕووبونەوەی داعش بریتیە لە فشارخستنە سەر ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە. بەڵگەنامەکان هەروەها دەریدەخەن هیلاری باوەڕی وایە حکومەتەکانی قەتەر و سعودیە یارمەتی دارایی پێشکەشی رێکخراوی داعش و گرووپە تووندئاژۆکانی دیکە دەکەن.
هیلاری بۆ ئیدارەی ئۆبامای روونی دەکاتەوە رۆژهەڵاتی ناوەراست لە چەند بوارێکەوە بۆ ئەمریکا گرنگە، بۆیەش دەبێت پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی لەو ناوچەیەدا بکات.