نوچەنێت-قطرە
داعش کوژرانی وەزیری راگەیاندنی خۆی پشتڕاست دەکاتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پینتاگۆن پێشتر رایگەیاندبوو، کە لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی هێزەکانی هاوپەیمان بۆ سەر بنکەکانی داعش لە سوریا، ئەم وەزیرەی داعشی لەناوبردووە.
بە گوێرەی بەشی عەرەبی ئاژانسی هەواڵنێری رۆیتەرز، داعش شەوی رابردوو، بە دەرکردنی راگەیێندراوێک لە سەر ئینتەرنێت پشتڕاستی کردەوە، کە ”وائل عادل حسن سلمان الفیاض” ناسراو به ”ابومحمد الفرقان” بەرپرسی راگەیاندن یان وەک بۆ خۆی دەڵێت: ئەمیری دیوانی ناوەندی راگەیاندن بە هۆی هێرشەکانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، کوژراوە.
بە گوێرەی راپۆرتەکەی رۆیتەرز، داعش بە بێ ئەوەی ئاماژە بە چۆنیەتی، کات و شوێنی کوژرانی ئەم وەزیرەی خۆی بدات، تەنها جەختی لەوە کردۆتەوە، کە تۆڵهی خوێنی ناوبرا دەکاتەوە.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پینتاگۆن) پێشتر رایگەیاندبوو، کە لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی هێزەکانی هاوپەیمان لە مانگی سێپتامبەر و لە میانەی ئەم هێرشە بۆ سەر پارێزگای رەقە لە باکوری سوریا ”وائل عادل حسن سلمان الفیاض” ناسراو به ”ابومحمد الفرقان” گیانی لە دەستداوە.