نوچەنێت- ساندەی تایمز
رۆژنامەی بەریتانی ساندەی تایمز پێش بینی ئەوە دەکات، کە ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی شاری موسڵ لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا دەستپێبکات.
ساندەی تامیز لە بارەی ئامادەکارییەکان بۆ شکستدان و وهدەرنانی هێزەکانی داعش لە موسڵ دەڵێت: پێش بینی دەکرێت، کە چاوەڕوانییەکان بۆ دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی مەزنی گرتنەوەی شاری موسڵ کۆتایی پێ بێت و بەم زووانە دەست پێ بکات.
رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات، کە باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا، لە پلانیدایە، کە زەبرێکی کوشندە لە داعش بدات.
ساندەی تایمز، دەربارەی نیگەرانییەکان سەبارەت بە کارەساتی مرۆیی چاوەڕوانکراو دەڵێت، بە سەرنجدان بەو خەندەق و مەیدانی مین و ئەوەی، کە داعش نەوتی کردۆتە کەناڵە ئاویەکانەوە و چوار دەوری شارەکەی تەنیوەتەوە، چاوەڕوان دەکرێ کارەساتی مرۆیی گەورە رووبدات.
راپۆرتەکەی ساندەی تایمز ئەوەش دەخاتەڕوو، کە شکستی داعش لە موسڵ بە مانای کۆتایی هاتن بە داعش و کێشەکانی ئەم شارە نییە، چونکە داعش بنکەکانی خۆی لە شاری رەقەی سوریا پتەو کردووە و، رەنگە شکستدانی داعش لە موسڵ دژوارتر بێت، بە هۆی ئەوەی، کە چەکدارەکانی داعش خۆیان خزاندۆتە ناو خەڵکی مەدەنی و دانیشتوانی شارەکە، کە بە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بەراورد دەکرێت.
ساندەی تایمز لە زاری وەلی ناسر، راوێژکاری پێشوو لە ئیدارەی ئۆباما دەڵێت: شەڕی موسڵ، شەڕێکی خوێناوی دەبێت و چاوەڕوان دەکرێ ژمارەیهکەی بەرچاو لە دانیشتوانی شارەکە ئاوارە ببن و، ئەمەش کارەساتی مرۆیی بەداوادێت.