بێ متمانەیی لە نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن

0

نوچه‌نێت

لە رۆژانی رابردوو، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆککۆماری روسیا بە بڕیارێک پەیماننامەی دوولایەنەی بەڕێوەبردن و گواستنەوەی پلۆتۆنیۆمی نیوان ئەمریکا و روسیای هەڵپەسارد، ئەم بڕیارەی پوتین رەنگە پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و واشنتۆن بەرەوو ئاقارێکی مەترسیدار ببات.

مۆسکۆ بۆ پاساودانی ئەم بڕیارەی خۆی کۆمەڵێک هەڵوێست و کرداری ئەمریکای ریز کردووە و وەک کۆشکی کرملین رایگەیاندووە، بوونەتە هۆی پێشێلکردن و خستنە مەترسی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی روسیا. بە کورتی مۆسکۆ پێی وایە، کە ئەم هەنگاو و کردەوانەی ئەمریکا بە دیاریکراوی بۆ لاوازکردن و خستنە تەنگانەی بەرژەوەندییە ئابووری و ئەمنییەکانی مۆسکۆیە.

هەڵپەساردنی یەک لایەنەی رێککەوتننامەی گواستنەوە و بەڕێوەبردنی پلۆتۆنیۆم، دژکردەوەی خێرا و توندی کۆشکی سپی بەدواداهات. وەزارەتی دەرەوی ئەمریکا لە بەیانێکدا رایگەیاند، کە ئەمریکا هەر جۆرە وتووێژ، هەماهەنگی و هاوکاری دوولایەنی لە گەڵ مۆسکۆ و لە پەیوەندی لە گەڵ قەیرانی سوریا، هەڵدەپەسێرێت و هۆیەکەشی بۆ بێ متمانەیی کۆشکی سپی بە کرملین گەڕاندۆتەوە.

ئێلیزابێت ترۆدۆ، گوتەبێژی کۆشکی سپی رۆژی چواری ئۆکتۆبەر گوتی: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەشداری و هەماهەنگی و هاوکارییە دوولایەنەکانی لە گەل مۆسکۆ و لە پەیوەندی لە گەل قەیرانی سوریا دەوەستێنێ. جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەو هەماهەنگی و هاوکارییەکانی کە لەم بارەیه‌وه‌ کراوە، تاکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی بەدواوە نەبووە و نەگەیشتووینەتە ئامانج و خاڵی هاوبەش.

روسیا لە بەرامبەردا، ئۆبامای بەوە تۆمەتبار کردووە، کە لە بارەی گفتوگۆکانی سوریا ئیرادە و توانایی بڕیاردانی نییە، تەنانەت لە وردەکارییەکانیشدا. دیمێتری ترنێن، لێکۆڵەری ئەنستیتۆی کارنگی لە مۆسکۆ، بە ئاماژەدان بە نیگەرانییەکانی مۆسکۆ و واشنتۆن، دەڵێت: تەنگژە و ئاڵۆزییەکانی ئەمریکا و روسیا، لە دەستپێکی قەیرانی ئۆکراینیا لە ٢٠١٥-٢٠١٤ گەیشتۆتە قۆناغێکی مەترسیدار، هەر بۆیە پێویست دەکات سەرۆکه‌كانی ئەم دوو وڵاتە، لەم بارودۆخە دوور بکەونەوە.

چەند رۆژ بەر لە ئێستاش، ژمارەیەک لە شارەزایان و کارناسانی روسیا، لە کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی واڵدای لە مۆسکۆ، هۆشداریاندا بە رێبەرانی ئەم دوو وڵاتە و، پێشنیازی ئەوەیان کرد، کە پشوو درێژ بن و لە پەرەپێدانی ناکۆکییه‌كان و ئاڵۆزییەکان، کە بگاتە خاڵێکی بێ گەڕانەوە، خۆ بە دوور بگرن. رۆبێرت لێگۆڵد، مامۆستای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی کۆلۆمبیا و باڵوێزی پێشووی بەریتانیا لە مۆسکۆ، (٢٠٠٤-٢٠٠٣) و دێزمۆن بروان، وەزیری بەرگری پێشووی ئەم وڵاتە، (٢٠٠٨-٢٠٠٦) لە بارەی هۆکار و ئەنجامەکانی ئاڵۆزتر بوونی ئەم تەنگژەیە، باس و گفتۆگۆیان کردووە.

لەم دانیشتنەدا، کە لە ژیر ناوی”بێمتمانەیی” بەڕێوەچوو، شارەزایان هۆشدارییاندا، کە رەنگە ئەم رەوتە مەترسیدارە بگاتە قۆناغی شەڕی بە وەکالەتی نێوان روسیا و ئەمریکا، لە سوریا. تەنها دوای چەند رۆژ لە بەڕێوەچوونی ئەم پانێلە، ئەمریکا و روسیا بڕیاریاندا، کە دەرگای لانی کەمی پەیوەندییەکان، کە دەیتوانی لە ئاسایی کردنەوەی ئەم دۆخە یارمەتیدەر بێت، داخست.

متمانەیەک، کە رۆژ لە دوای رۆژ لە کەمی دەدات.

هاوکارییەکانی ئەمریکا و روسیا، لە بواری چەکی ئەتۆمی یەکێک لەو بژاردانە بوو، کە دەیتوانی بێ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی دوو وڵات بخاتە مەترسییەوە، ئاستێکی باش و دیاریکراو بۆ هاوکاری دوو لایەن پێناسە بکات.

بەڵام وادێتە بەرچاو، کە ئەو سەردەم و قۆناغە بەسەر چووە. هەر چەند بۆچوونی وا هەیە، کە بێ متمانەیی ئێستا لە نێوان سیاسییەکانی کۆشکی سپی و کۆشکی کرملین، بە رادەیەک نییە، کە لەگەڵ بێ متمانەیی سەردەمی شه‌ڕی سارد بەراورد بکریت، بەڵام ناکرێ چاوپۆشی لەم مەترسیانە بکرێت.

لێگۆڵد لەم بارەیه‌وە رای وایە، کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و روسیا، بە قووڵایی نالەبارە و بە یەکێک لە ناخۆشترین قۆناغەکانی دوای شەڕی سارد وەسفی دەکات، کە کەوتۆتە نێوان دوو وڵاتەوە.

بە بۆچوونی شارەزایان، گرنگترین تایبەتمەندی شەڕی سارد، کە لە ئێستادا لە نیوان مۆسکۆ و واشنتۆن، بۆ جارێکی دیکە هاتۆتە کایەوە، یەکتر تۆمەتبارکردنە لە پەیوەندی لە گەڵ هەر کێشە و قەیرانێكی ناوچەیی و جیهانی. هەر وەک چۆن لە سەردەمی شەڕی سارد، لە ژێر ناو و پاساوی کاپیتالیزم و کۆمۆنیزم، سیستمی سیاسی و ئابووری یەکتریان دەکردە ئامانج. لە کاتێکدا مۆسکۆ پێی وایە، کە پشتیوانی لە گۆڕینی رژێمە سیاسییەکان، سیاسەتێکی دزێوی ئەمریکایە. واشنتۆن، روسیا بەوە تۆمەتبار دەکات، کە پشتیوانی لە رژێمە دیکتاتۆرەکان دەکات.

لەم دۆخەدا بێ متمانەیی، واتە خراپترین تایبەتمەندی شەڕی سارد، كه‌ باڵی بە سەر پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و واشنتۆندا کێشاوە، ئەمەش وەبیرهێنەوەی شەڕی سارد و قۆناغەکانیەتی. ئەمەش وادەکات، کە دوولایەن هیچ جۆرە حەز و ئۆگرییەک بۆ پاراستی پەیوەندییەکانیان لە خۆیان نیشان نەدەن. بە درێژە کێشانی ئەم رەوتە، درەنگ یان زوو، دەبێ چاوەڕێی دەرهاویشتەکانی گەڕانەوەی بیرۆکە و قۆناغەکانی شەڕی سارد بکەین.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com