نوچەنێت-ئاژانسەکان
لیژنەی مافەکانی منداڵانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا داوای لە سعودیە کردووە، کە کۆتایی بە هەڵاواردن لە دژی کچان و ئەو یاسایانەی، کە رێگە بە لە سێدارەدان و ئەشکەنجەی منداڵان دەدات، بهێنێت.
بە گوێرەی رۆیتەرز، ئەم لیژنەیە لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا لە پەیوەندی لە گەڵ پهیڕهوکردنی کۆنوانسیۆی نەتەوەیەکگرتووەکان لە بارەی مافەکانی منداڵانەوە رەخنەی لە سعودیە گرتووە.
بە پێی ئەم راپۆرتە، لە سعودیە کەسانی سەرەوەی تەمەنی ١٥ ساڵ، وەکو کەسانی پێگهیشتوو دادگایی دەکرێن و دوابەدوای دەرکردنی حوکمەکانیان لە سێدارە دەدرێن. ئەمە لە کاتێکدایە، کە بە پێی کۆنوانسیۆنی نەتەوەیەکگرتووەکان، کەسانی خوارەوەی ١٨ سال، وەک مندال هەژمار دەکرێن و ناکرێ بە هیچ شێوەیەک دادگایی بکرێن.
ئەندامێکی لیژنەکە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی لە جنێف گوتوویەتی: ئەگەری لە سیدارەدانی منداڵان لە سعودیە بەردەوامە و ئەمەش جێی نیگەرانییە. هەروەها سزای ئەشکەنجە کردنی بە شێوازی دیکە بەردەوامە.
بە گوێرەی رۆیتەرز، بنیام مێزمور، سەرۆکی لیژنەکە، لەم بارەیهوە گوتوویەتی، راپۆرتەکانی پەیوەست بە جێبەجێ کردنی سزای لە سێدارەدان لە لایەن سعودیەوە، بۆ کەسانی خوارەوەی ١٨ ساڵ، بەردەوام رادەستی لیژنەکە دەکرێت.
لیژنەی مافەکانی منداڵانی نەتەوەیەکگرتووەکان، کە لە ١٨ شارەزای سەربەخۆ پێکهاتووە، هەروەها هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانی ئیسلامی، له ژیر سەرکردایەتی سعودیەی بۆ سەر یەمەن مەحکوم کردووە. لە ئەنجامی ئەم هێرشانە، تاکو ئێستا سەدان منداڵی بی تاوان گیانیان لە دەستداوە.