نوچەنێت-رادیۆ فەردا
دەوڵەتی ئەمریکا بە فەرمی دەوڵەتی روسیا بەوە تۆمەتبار دەکات، کە بە ئاراستەی شوێندانان لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەم وڵاتە، هێرشی سایبەری کردۆتە سەر ماڵپەڕەکانی سەر بە دامەزراوە و گروپە سیاسییەکان.
بە گوێرەی ئاسۆشیتێد پرێس، وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ و دەزگای زانیاری نەتەوەیی ئەمریکا، لە بەیانێکی هاوبەشدا رایانگەیاندووە، کە لەوەی دڵنیان، کە دەوڵەتی روسیا لە هاک کردنی ئیمێڵی هاووڵاتیان و دامەزراوەکانی ئەم وڵاتە رۆڵی هەبووە.
لە بەیانەکەدا روونیشی دەکاتەوە، کە بە سەرنج دان بە هەستیاری و لایەنەکانی ئەم بابەتە، ئەم هێرشانە تەنها کاتێک ئیمکانی هەیە، کە لە لایەن بەرپرسانی باڵای روسیاوە رێگەی پێدرابێت.
وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ و دەزگای زانیاری نەتەوەیی ئەمریکا، هەروەها داوایان لە دامەزراوە دەوڵەتی و خۆجێیەکان کردووە، لە بارەی هێرشە سایبەرییەکان ئاگادار بن و لەم دوو دامەزراوەیە یارمەتی وەربگرن.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە پێشتر گوتەبێژی فەرمی کرملین، هەر جۆرە دەستوەردان و هێرشیكی سایبەری لە لایەن روسیاوە بۆ سەر ئیمێڵی دیموکراتەکانی ئەمریکا رەتکردۆتەوە.
باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا، لەم بارەیەوە رای وایە، کە هاککەرە روسەکان دەستیان بە زانیارییە دەوڵەتی و تایبەتییەکانی ئەم وڵاتە گەیشتووە. هەروەها ستایشێ پوتینی لە لایەن دۆناڵ ترامپ، ئەم ئەگەرە بەهێز دەکات، کە مۆسکۆ هەوڵی گۆڕینی ئەنجامی ئەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بدات.