نوچەنێت
لە کاتێکدا کۆشکی سپی جەختی لەوەکردۆتەوە، کە هیچ پلانێکی سەربازی بۆ هێرشکردنە سەر خاکی سوریای نییە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، هەموو ئەو بژاردانە تاوتوێ دەکات کە بتوانێ یارمەتی بە چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا بدات، هەر وەها جەختیش دەکاتەوە کە بژاردەی سەربازی یەک لە بابەتانەیە، بە وردی تاوتوێی دەکات،
کۆشکی سپی، شەوی سێ شەممە،٤٧ ئۆکتۆبەر، وێڕای دان پێدانان بە ئێعتباری ئەمریکا لە ئەنجامی بڕیاری بۆشی کوڕ، سەرۆککۆماری پێشووی ئەم وڵاتە بۆ هێرشکردنە سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، تارادەیەک خەوشدار بووە، جەختی لەو ەکردەوە، کە باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا، نایەوێ رێڕەو- و ئەزموونی سەرۆکی پێشووی ئەم وڵاتە تاقی بکاتەوە.
کۆشکی سپی هەروەها رایدەگەیەنێت: ئەمریکا هیچ هۆگری و پلانێکی بۆ کردنە ئامانجی سوپای سوریای نییە و دەڵێت: ئەم بابەتە مەترسی و دەرهاویشتەی جیاوازی بەدواوە دەبێت، بە تایبەت لە پەیوەندی لە گەڵ روسیا و پێدەچێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بکات.
کۆشکی سپی لەبارەی بژاردەکانی چارەسەری قەیرانی سوریا، بە تایبەت لە دوای راگرتنی هەماهەنگی و هاوکاریەکانی نیوان مۆسکۆ و واشنتۆن لەبارەی سوریاوە، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بەهێزکردنی کاروبار و مەئمورییتی ستێفان دی مستۆرا، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا لە ئەولەوییەت دایە و، جەختیش دەکاتەوە کە تەنها چارەسەر هەمان چارەسەری سیاسی و هیچ وڵاتێک ناتوانێ رێکار و رێگاچارەیەکی دیکە بە سەر خەڵکی ئەم وڵاتە بسەپێنێت.
کۆشکی سپی ئەوەشی رایگەیاندووە: ئەگەر هەواڵەکانی پەیوەست بە جێگیرکردنی سیستمی موشەکەکانی ئێس ٣٠٠ وئێس ٤٠٠ لە سەر خاکی سوریا راست بێت، ئەم مەسەلە لە گەڵ ئامانجە راگەیێندراوەکانی مۆسکۆ یەک ناگرێتەوە.
هەر لەم پەیوەندیەدا وەزارەتی بەرگری ئەمریکا(پێنتاگۆن)وەک کاردانەوەی بەرامبەر بە جێگیرکردنی سیستمی موشەکی ئێس ٣٠٠ی روسیا لە سەر خاکی سوریا رایگەیاندووە، کە لە هۆکارەکانی ئەم کارەی مۆسکۆ تێناگات.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێی وایە، جیاکردنەوەی گروپە میانڕەوەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە گروپ و رێکخراوە تیرۆریستی و توندڕەوەکان بابەتێکی ئاڵۆزە و پێویستی بە کات هەیە.
وەزارەتی دەرەویە ئەمریکا رای وایە، کە بڕیاری واشنتۆن بۆ راگرتن و هەڵپەساردنی هەماهەنگی وپەیوەندیەکانی لە گەڵ مۆسکۆلە بارەی قەیرانی سوریاوە، بڕیارێکی دبلۆماسیانە بووە نەک سیاسی و بۆ ئەم مەبەستەش زۆر لایەن و رەهەندی ئەم بریارەیان لێکداوەتەوە و بەو قەناعەتە گەیشتوون، کە پەیوەندی و هاوکاری نێوان هەردوو وڵات لە بارەی کەیسی سوریا هیچ ئەنجامێکی بەدواوە نەبووە. لە درێژەدا مۆسکۆی بەوە تۆمەتبارکردووە کە لەم بارەوە پشکی سەرەکی بەردەکەوێت.
وەزارەتی دەرەوی ئەمریکا جەخت لەوەش دەکاتەوە، کە واشنتۆن لە میانەی کۆبوونەوەی گروپی نێودەوڵەتی هاریکاری سوریا،بەرنامەکانی خۆی لە پەیوەندی لە گەڵ سوریا دەخاتە روو. هەروەها ئاژانسە ئەمنیەکانی ئەم وڵاتە لە ئێستادا هەموو بژاردە دبلۆماسی، سەربازی، هەواڵگری و ئابورییەکان لە پەیوەندی لە گەڵ سوریا تاوتوێ و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن.