نوچەنێت – رادیۆ فەردا
سەرچاوەکانی نزیک لە گروپە ئیسلامییەکان رایانگەیاندووە، کە ئەندامێکی باڵای قاعیدە، کە پەیوەست بە ریزەکانی بەرەی نوسرە بوو، بە هۆی هێرشێکی ئاسمانییەوە گیانی لە دەستدا.
بە گوێرەی رۆیتەرز، شێخ ئەبو فەرەج میسری هاووڵاتی میسر، کە لە دوای گەڕانەوەی لە ئەفغانستان، کە لەم وڵاتە زیندانی کرابوو، بە هۆی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر ئۆتۆمبیلێک لە پاریزگای ئەدلیب لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا کوژراوە.
محەممەد شامی، یەکێک لە فەرماندە جیهادییەکان لەم بارەیەوە گوتوویەتی، کە ناوبراو بە هۆی هێرشی هێزە سەلیبییەکانەوە گیانی لە دەستداوە.
لەم پەیوەندیەدا وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە بەیانێکدا رایگەیاندووە، کە فرج المصری، رۆژی دووشەممە 3-10-2016، لە نزیک شاری ئەدلیب کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا کوژراوە.
لە هەمان کاتدا پێنتاگۆن دەڵێت، خەریکی هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکانی ئەم هێرشەن.
بە گوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، لە دەستپێکی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە سوریا، چەندین کەس لە ئەندامانی باڵای داعش و بەرەی نوسرە کراونەتەوە ئامانج.
لەم پەیوەندیەدا، بەرەی نوسرە، کە ئێستا ناوی خۆی بۆ فتح الشام گۆڕیوە، کوژرانی ابو الفرج المصری پشتڕاست کردۆتەوە.