نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەمرۆ پەرلەمان كۆدەبێتەوە و واژۆش كۆ كراوتەوە بۆ بانگهێشتكردنی وەزیری دەرەوەی عێراق.
ئەمرۆ 4-10-2016 بریارە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كۆببێتەوە و دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات و گفتۆگۆ لەبارەی بانگهێشت كردنی وەزیری دەرەوەی عێراقیش دەكرێت. بە گوتەی شارەزایان هەوڵدەرێت لە رێگەی متمانە وەرگرتنەوە لە وەزیرەکانی کابینەی عەبادی، حکومەتەکەی توشی قەیرانی قورس و لە ئەنجامدا بیڕوخێنن. دەڵێن نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشوو لە پشت ئەم پلانەوەیە، کە دەیهەوێت بگەڕێتەوە سەر حوکم.
لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچەنێت، د.ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی، لە بارەی كۆبونەوەی ئەمرۆی پەرلەمان رایگەیاند: ئەمرۆ پەرلەمانی عێراق كۆ دەبێتەوە لە سەر ئەو پرس و كێشانەی هەیە لە عێراق، هەروەها تەواو كردنی ئەو بەرنامەی، كە پێشووتر كاری لە سەر كرا بوو، بەڵام تەواو نەكرابوو.
د.ئەشواق جاف دەڵێت، هێشتا بەرنامەی دانیشتی ئەمرۆ دیار نییە، كە گفتۆگۆی سەرەكی لەبارەی چیەوە دەكرێت، بەڵام گفتوگۆ لە سەر چونیەتی بانگهێشتكردنی وەزیری دەرەوەی عێراق دەكرێت.
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، بە هەمان شێوەی وەزیری بەرگری و وەزیری دارایی، 70 واژۆ كۆكراوەتەوە بۆ بانگهێشتكردنی وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ پەرلەمان.