نوچەنێت-شفقنا
وەزارەتی دەرەوەی عێراق وێڕای مەحکوم کردنی لێدوانەکانی سەرۆککۆماری تورکیا لە بارەی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوە شاری موسڵ، رایگەیاندووە، کە ئەم گوتانەی ئەردۆغان دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆی عێراق.
ئەحمەد جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 3ی ئۆکتۆبەر، ویڕای مەحکوم کردنی لێدوانەکانی ئەردۆغان، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم لێدوانەی ئەردۆغان پێشێلکردنی بنەمای دۆستایەتی و پرەنسیپی دراوسێتییە و راشیگەیاندووە، کە دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆی عێراق.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەروەها دەڵێت، شەڕی ئازادکردنەوەی موسڵ ئەنجامی لەخۆبردوویی و فیداکاری سەرجەم پێکهاتەکانی ئەم وڵاتەیە و موژدەی ئەوەش دەدات، کە تامی تالی شکست بە داعش دەچێژن.
ئەحمەد جەمال گوتیشی، تورکیا دەبێ لە رێگای پشتیوانی کردن لە هەوڵی دەوڵەتی عێراق لە شەڕی دژ بە داعش، تاوەکو کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسل نیازپاکی خۆی بسەلمێنی و داوای لە ئەنقەرەش کردووە، کە بەرامبەر بە کێشەکانی بەردەم بەغداد، پشتیوانی لە عێراق بکات.
ئەم بەرپرسەی عێراق راشیگەیاندووە، کە شەڕی موسل تەنها بە هۆی عێراقییەکانەوە ئەنجام دەدرێ و، پێویست ناکات بکرێت بە شەڕێکی ناوچەیی .
ئەم لێدوانەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەویە عێراق وەک کاردانەوە بەرامبەر بە لێدوانێکی ئەردۆغان هاتووە، کە رۆژی رابردوو گوتووبووی، تورکیا بەشداری چالاکانەی ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی شاری موسڵ دەکات.