نوچەنێت-ئیسنا
سەرۆککۆماری تورکیا، رەخنە لە چۆنیەتی مامەڵەکردنی کۆمەڵگای جیهانی سهبارهت به قەیرانی سوریاوە دەگرێ و دەڵێت: ئایا جیهان چاوەڕێی ئەوە دەکات، کە یەک ملیۆن کەسی دیکە لە خەڵکی ئەم وڵاتە لە ناو بچێت؟
بە گوێرەی رۆژنامەی حورییەت، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکدا لە پەرلەمانی ئەم وڵاتە رایگەیاندووە: زیاتر لە ٦٠٠هەزار کەس لە خەڵکی مەدەنی سوریا بە هۆی شەڕی ناوخۆیی ئەم وڵاتەوه کوژراون. ئایا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چاوەرێ دەکات دوای کوژرانی یەک ملیۆن کەسی دیکە لە خەڵکی ئەم وڵاتە هەڵوێست و کاردانەوەی هەبێت.
سەرۆكکۆماری تورکیا، لە بارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا، ناسراو بە (قەڵغانی فورات) لە سنوورەکانی سوریا گوتوویەتی، داعش قەیرانی سوریای دروستنەکرد، بەڵکو بە پێچەوانەوە خودی داعش ئەنجامی ئەم قەیرانەیە. پێنج ساڵ بە سەر شەڕی ناخۆی سوریا و دوو ساڵ بە سەر سەرهەڵدانی داعش لە سوریا و عێراق، دەرباز دەبێت. تورکیا نەیدەتوانی دەست لە سەر دەست دابنێ و بە دیار ئەم قەیرانەوە دانیشێت.
ئەردۆغان، بەرگری لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای ئەم وڵاتە لە سەر خاکی سوریا دەکات و دەڵێت، سوپای سوریا هەوڵی تەواوی داوە، کە گروپە تیرۆرستییەکان لە سوریا دووربخاتەوە، ئۆپەراسیۆنی ئێمە لە سوریا یاساییە و تاوەکو ئێستا توانیومانە ٥٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە لە ژێر دەستی داعش پاک بکەینەوە.
سەرۆککۆماری تورکیا، رەخنەی لە دژبەیەک بوونی سیاسەتەکانی ئەمریکا، لە بارەی ناوچەکەوە دەگرێ و ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد، کە پشگیری لە پەکەکە و هاوپەیمانانی دەکات و گوتی، ئەمە بە هەڵەیەکی زۆر گەورەی ئەمریکا هەژمار دەکرێ.
ئەردۆغان ئەوەشی خستەڕوو، کە ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی شاری موسڵ، رەنگە مانگی داهاتوو یان بەم زووانە دەستپێبکات و تورکیا لەم شەڕەدا رۆڵێکی بەرچاو و چالاکی دەبێت.