نوچەنێت-ئاژانسەکان
سەرۆککۆماری تورکیا هۆشداری دەدات، کە تورکیا لە پەیوەندی لە گەڵ هەوڵە درێژماوەکانی بۆ پەیوەست بوون و ئەندامەتی لە یەکێتی ئەوروپا گەیشتۆتە کۆتایی گەمە.
بە گوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمرۆ شەممە 1ی ئۆکتۆبەر، لە لێدوانێکدا جەختی لەوە کردەوە، کە تورکیا لە گەمەی درێژ خایەنی، بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا گەیشتۆتە کۆتایی.
ئەردۆغان راشیگەیاندووە: کاتی ئەوە هاتووە، کە ئەوروپا یەکجار بۆ هەمیشە بە روونی و ئاشکرا رایبگەیەنێ، کە ئایا ئەنقەرە وەک ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا وەردەگرێ یان نا.
ئەردۆغان ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا خستەڕوو و گوتیشی، دەبێ یەکێتی ئەوروپا بزانێت، کە تورکیا گەیشتۆتە کۆتایی ئەم گەمە. ئێستا ئەوروپا خۆی سەرپشکە لەوەی، کە بیهەوێت ئەم رێڕەوە بە تورکیا یان بە بی تورکیا هەڵبژێرێت، نابێ ئێمە لەم بارەیەوە بە بەرپرسیار بزانن. سەرۆککۆماری تورکیا، هەروەها گوتی، ئۆکتۆبەر مانگێکی گرنگە لە پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتی ئەوروپا و ئەمەش پێویستی بەوە هەیە، کە بەستێنی سەردان بە بێ ڤیزا، هاووڵاتیانی تورکیا بۆ ناوچەی شێنگن فەراهەم بکات.