نوچەنێت-شفقنا
عبداللطیف الزیانی، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو دەڵێت: کێشەیەکی سەرەکی ئێمە حزبوڵڵای لوبنانە، کە لەناوبردنی لوبنانی دەوێ و جەخت لەوەش دەکاتەوە، کە وەک رێکخراوێکی تیرۆرستی، مامەڵە لە گەڵ ئەم رێکخراوە دەکەن.
الزیانی، لە وتووێژ لە گەڵ رۆژنامەی “الحیات” دەشڵێت، گەلی لوبنانی، گەلێکی عەرەبی رەسەنە و هیوادارین کە قەیرانی سەرۆکایەتی ئەم وڵاتە بە زوویی چارەسەر بکرێت.
ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو، داوا لە ئێرانیش دەکات، کە رەفتاری خۆی سەبارەت بە ناوچەکە بگۆرێ و واز لە سیاسەتی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتان بهێنێت.
الزیانی دڵنیایی دەدات، کە ئەمن و ئاسایشی یەمەن بەشێکی جیانەکراوەیە لە ئەمن و ئاسایشی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو و جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە چارەسەرکردنی ئاشتیانەی پرس و ناکۆکیەکان، سیاسەتی نەگۆڕی ئەم وڵاتانەیە.