هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان
هەڵگورد سەمەد
کاتێک باس لە رۆڵ و سەنگی هەرێمی کوردستان دەکەین لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و رۆڵی لە رووداوەکانی ناوچەکە و دنیای عەرەب. دەبێ پێش هەر شتێک ئەوەمان لەبەرچاو بیت کە هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی فیدراڵییە و بەشێکە لە عێراق. بەگوێرەی دەستووری وڵاتی عێراقیش هەموو پەیوەندییە نێوەدەوڵەتییەکانی ئەو وڵاتە لە رێگەی حکوومەتی ناوەندەوە دەبێت بە رەچاوکردنی تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان کە دەتوانێت لە هەر باڵوێزخانەیەک، بۆ پەیوەندییەکانی نووسینگەیەکی هەبێت. ئەمە لەسەر ئاستی تیۆری، بەڵام لەسەر ئاستی پراکتیکی وا نەبووە.
لێرەدا پرسیارەکە ئەمەیە، لەبەرچی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە لە هاوکیشە نێودەوڵەتییەکاندا سەنگێکی ئەوتۆی هەبیت؟!
بە بۆچوونی من هۆکارگەلێکی بنەڕەتی وایان کردووە کە کورد نەتوانێ ئەو رۆڵە گرنگە بگێڕێت، کە لێرەدا لە چەند خاڵێک هەوڵ دەدەم چڕیان بکەمەوە؛
یەکەم: سەرکردە و بڕیاربەدەستانی کورد کەسانی نەخێندەوارن لە رووی سیاسییە و دەیان کەسی لەخۆیان نەخێندەوارتریان لە دەورەی خۆیان کۆکردۆتەوە بەناوی راویژکار و سەرۆکی دیوان و یاریدەر و جێگر و …هتد. ئەمە وای کردووە کە بە ئاسانی لە هاوکێشە ناوچەیی و نیودەوڵەتییەکان تێنەگەن و نەتوانن رۆڵێکی گرینگ بگێڕن.
دووەم: کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم و دەستەوەستانی بەرپرسان لە ئاست چارەسەرکردنیان یەکێکی دیکەیە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بێتوانایی و لاواز بوونی هەرێمی کوردستان. کاتێکیش بڕیاری چاکسازی دەدەن نازانن لە کوێوە دەست پی بکەن. ئاخر ئەوە وەکو نوکتە وایە کە لەدوای رووداوە خێناوییەکەی ١٧ شوبات، دەستپیکی بڕیاری چاکسازی سەرۆکی هەرێم لێکردنەوەی” لەزگەی رەشی جامی ئۆتۆمبێلەکان” بێت! ئەوە هەم رابواردن بوو بە خەڵکی کوردستان و هەمیش نەزانییەکی بێئەندازەیە.
سێیەم:نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێم لە وڵاتان زۆر جار رەنگدانەوەی هەمان دۆخە حزبییەکەی کوردستانە و بەداخەوە گەلێک جاران فەرمانبەرەکانیان ئەوەندەی خەریکی کاری سیخوڕین بۆ حزبەکانیان ئەوەندە بە تەنگ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانەوە نین و ناپژێینە سەر ئەوەی لە خەمی ئەوە دابن پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتانە دروست بکەن کە بۆی نێردراون! با لە کوردەکانی ئەو وڵاتانە بپرسین کە نوێنەرایەتی حکوومەتیان لێیە، ئایا چەندیان پەیوەندییان بە نوینەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێمەوە هەیە و ئاشنان بە کارەکانیان؟! ئایا نوێنەرایەتییەکان تا ئێستە چییان کردووە بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتانە؟
بۆئەوەی هەرێمی کوردستان لەئاستی نێودەوڵەتی حیسابی بۆ بکرێت دەبێ هەوڵ بدات ببێتە هەرێمێکی دیموکراسی ودابین کردنی ئازادی دەربڕین و مافەکانی مرۆڤ لە بنەڕەتی کارەکانی دەسەڵاتداراندا بیت. رفاندن و کوشتنی رۆژنامەنووسان و هەڕەشە بەردەوامەکانی دەسەڵاتداران لە رۆژنامەنووس و نووسەرانی هەرێمی کوردسان ئەوەندەی تر رووی هەریمی کوردستان لە دەرەوە ناشیرین کردووە. تا وای لیهاتووە لێرە کەسانی رۆشنبیری فەرەنسی پێیان گوتووم “ئێمە دەزانین کە ئەوانەی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبەن مافیایەکی رێکخراون لە ناو سیستمی حکومدا!”
بابەتی گەندەڵی دارایی و بەهەدەردانی ئەم سەروەتە زۆرەی هەرێمی کوردستان و دزینی لەلایەن چەند کەسێکەوە رووی هەرێمی کوردستانی زۆر ناشیرین کردووە. هەرێمێک بەم هەموو گەندەڵییەوە ناتوانێ لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا سەنگێکی ئەوتۆی هەبێت.
سیاسەتی نەوتی حکوومەتی هەرێم یەکێکی ترە لە خاڵە لاوازەکانی حکوومەتی هەرێم، بەتایبەتیش یەکلایی نەبوونەوەی کێشەکان لەسەر گاز و نەوت لەگەڵ بەغدا.
دەربارەی بەهاری عەرەبی و کاریگەری هەرێمی کوردستان، ئەگەر پێمانوابێ کوردستان دەتوانێ یان دەیتوانی کاریگەرییەکی هەبێت لەسەر بەهاری عەرەبی، ئەوە قسەیەکی بەتاڵە لەبەر دوو هۆی زۆر سادە؛
یەکەم: هیچ عەرەبێک حیساب بۆ هەرێمی کوردستان ناکات، چ دەسەلاتدار بن یا هاووڵاتی سادە. ئەمەش وای کوردووە کە پەیوەندییەکی ئەوتۆ لەنێوان گەلی کورد و گەلانی عەەبدا نەبیت!
دووەم:کورد لەبەر هەر هۆکارێک بێت، خۆیان نەیایویستووە یان نەیایتوانیوە پشتیوانی لە شۆڕشەکانی وڵاتانی عەرەبی بکەن. ئەوەتا دەبینین لە سوریا کە زۆر لێمانەوە نزیکە و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان هەیە کەچی حزبەکان و دەسەڵاتدارانی کورد ترسیان هەیە لەوەی کە هەر قسەش لەسەر راپەڕینەکەی سوریا بکەن.
تهوهر…. هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان
0
Share.