نوچەنێت-رادیۆ فەردا
عبدالملک المخلافی، وەزیری دەرەوەی یەمەن دەڵێت، وڵاتەکەی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان سکاڵا لە دژی ئێران تۆمار دەکات و هۆی ئەم کارەشی بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە، کە ئێران چەک و چۆڵ بۆ چەکدارە حوسییەکان رەوانە دەکات کە دژ بە یەمەن لە شەڕدان.
عبدالملک المخلافی، لە وتووێژ لە گەڵ رۆیتەرز، هەروەها هیواداری دەربڕیووە، کە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، ئاگربەستێکی مرۆیی 72 کاتژمێری بە مەبەستی گەیاندنی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان بە خەڵکی مەدەنی ئەم وڵاتە پێکبێت.
دەوڵەتی مەنسور هادی، سەرۆککۆماری یەمەن لە سعودیە، بە فەرمی رایانگەیاندووە، کە ئێران پاڵپشتی چەکدارە حوسییەکان دەکات.
تاران حوسییەکان بە دەسەڵاتی یاسایی یەمەن ناودەبات، بەڵام بەردەوام هەر جۆرە پشتیوانییەکی سەربازی لەم لایەنەی رەتکردۆتەوە.
عبدالملک المخلافی راشیگەیاندووە، کە دڵنیان لەوەی، کە ئێران چەک و چۆڵی پیشکەوتووی بۆ حوسییەکان رەوانە کردووە و، ناشکرێ قاچاخی ئەم چەک و چۆڵانە لە لایەن ئێرانەوە حاشای لێبکرێت.
وەزیری دەرەوەی یەمەن باس لەوەش دەکات، کە کۆی ئەو چەک و تەقەمانیانەی کە لە ناوچە سنورییەکانی یەمەن لە گەڵ سعودیە، دەستی بە سەردا گیراوە، لە لایەن ئێرانەوە دروستکراون.