نوچەنێت-دەنگی ئەمریکا
جێگری سکرتێری گشتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاند: بە مەبەستی پارێزگاری و بەرگری لە مانەوە و بوونی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە دژی هێزە ئەمنی و چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، درێژی بە خەباتی چەکداری خۆی دەدات و لە دوای رێککەوتنی ئەتۆمی خەباتی چەکداری پێویستە.
حەسەن شەرەفی، جێگری سکرتێری گشتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە وتووێژ لە گەڵ ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشیتێد پرێس ئەوەش دەخاتەڕوو، کە وەک دژکردەوە بەرامبەر بە سیاسەتی سەرکەوت و زەبروزەنگ، بۆ سەر هێزە کوردییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، درێژە بە خەباتی چەکداری دەدەین.
شەرەفی دەڵێت، ئێمە رۆژانە دەبینین کە کوردەکان لە ئێران دەستگیر، ئەشکەنجە و زیندانی دەکرێن.
جێگری سکرتێری گشتیی حدکا بە ئاسۆشیتێد پرێسی گوتووە، کە لە دوای رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا، لە سەر پڕۆگرامی ئەتۆمی ئەم وڵاتە، بەرپرسانی ئێرانی پێیان وایە کە هەر کارێک بیانهەوێ دەتوانن ئەنجامی بدەن و جیهانی دەرەوەش چاوپۆشییان لێ دەکات و بەرەورووی رەخنە نابنەوە، هەر بۆیە خەبات دژ بەم دەسەڵات پێویستە.
حەسەن شەرەفی لە بەشێکی دیکەی وتووێژەکەی دەڵێت، بە مەبەستی پاراستن و بەرگری لە خەڵکی خۆمان،وەکوو حدکا بڕیارمان داوە هێزەکانمان لە ناوخۆی رۆژهەڵات ئامادە بن.