نوچەنێت- تایمز
رۆژنامه‌ی تایمز له ژماره‌ی ئه‌مرۆ شه‌ممه‌دا گوتارێكی له ژێر ناونیشانی ” شه‌ڕی موسڵ رووده‌دات، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ش شه‌ڕ هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت” بڵاو كرده‌وه.
رۆژنامه‌كه ده‌ڵێت، دوو ساڵ به سه‌ر داگیركردنی موسڵ له لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه تێپه‌ڕیوه، كه دووه‌مین گه‌وره شاری عێراقه، ئێستا سوپای عێراق و فه‌رمانده سه‌ربازییه رۆژئاواییه‌كان وایده‌بینن كه شه‌ڕی موسڵ خه‌ریكه رووده‌دات و ته‌نها چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی ماوه.
هه‌روه‌ها ده‌ڵیت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه راست بێت، ئه‌وا هه‌نگاوێكی گرنگ ده‌بێت بۆ تێكشاندنی داعش، به‌ڵام ده‌بێت حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان دوو بابه‌ت بزانن، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، كه بزانن شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی موسڵ شه‌ڕێكی سه‌خت و گران ده‌بێت، هه‌روه‌ها گرتنه‌وه‌ی موسڵ زۆر ئاسانتر ده‌بێت له گێڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری وڵات دوای گرتنه‌وه‌ی موسڵ.
رۆژنامه‌كه ده‌ڵێت، ژماره‌ی دانیشتوانی موسڵ نزیكه‌ی 2 ملیۆن كه‌س ده‌بێت، پێده‌چێت نیوه‌یان له شاره‌كه‌دا مابێتنه‌وه، هه‌روه‌ها له‌وانیه نزیكه‌ی 2 هەزار و پێنج سەد بۆ 3 هەزار چه‌كداری داعش له شاره‌كه‌دا هه‌بن.
هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوەداوە، ژماره‌ی یه‌كه‌كانی سوپای عێراق و هێزه كوردییه‌كان، كه بڕیاره له شه‌ڕی موسڵدا به‌شداری بكه‌ن زۆر زیاتره له ژماره‌ی چه‌كدارانی داعش، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه سوپای عێراق 7 هه‌زار راوێژكاری سه‌ربازی ئه‌مریكی و به‌ریتانی پشتیوانی‌یان ده‌كه‌ن، سه‌ره‌ڕای ژماره‌ی هێزه تایبه‌ته‌كان و پشتیوانی ئاسمانی.
رۆژنامه‌كه باس له راستیه‌ك ده‌كات كه “قورسه دۆخی راسته‌قینه‌ی موسڵ به ته‌واوی بزانرێت، به جۆرێك ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی چه‌كدارانی داعش له شاره‌كه‌دا و توانای شه‌ڕكردنیان نه‌زانراوه، هه‌روه‌ها چه‌ند راپۆرتێك هه‌ن كه باس له‌وه ده‌كه‌ن، داعش كۆگای چه‌كی كیمیاوی هه‌یه له ناو شاره‌كه‌دا، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری به‌كارهێنانی خه‌ڵكی سڤیل وه‌ك قه‌ڵغانی مرۆیی له‌لایه‌ن داعشه‌وه هه‌یه بۆ پارێزگاری كردنی خۆیان”.
رۆژنامه‌كه ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت، كه ده‌بێت هێزه‌كانی عێراق پێشبینی به‌رگرییه‌كی توندی چه‌كدارانی داعش بكه‌ن، هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی له فه‌لوجه رویدا و داعش به‌رگرییه‌كی سه‌ختی كرد.