نوچەنێت-شفقنا
بە هۆی هێرشێکی خۆکوژی لە باشوری رۆژئاوای سوریا، بۆ سەر کۆبوونەوەیەکی ئۆپۆزسیۆنی ئەم وڵاتە، وەزیرێکی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و 11 کەس لە دژبەرانی رژێمی ئەسەد گیانیان لە دەست دا و داعشیش بەرپرسیاریەتی ئەم هێڕشەی لە ئەوستۆگرت.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵنێریی فەرەنسا (AFP) ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 22-9-2016، لە ئەنجامی هێرشێکی خۆکوژی داعش بۆ سەر کۆبوونەوەیەکی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، بە لانی کەمەوە 12 کەس کوژران.
لەم بارەیەوە کەناڵی هەواڵی سکای نیوزی عەرەبی، بە گێڕانەوە لە سەرچاوەکانی ئاگاداری ئۆپۆزسیۆنی سوریا رایگەیاندووە، کە کەسە خۆکوژەکە بە کەڵک وەرگرتن لە پشتێنی تەقینەوە، کۆبوونەوەی بەرپرسانی سیاسی و سەربازی ئۆپۆزسیۆنی سوریای لە شاری”انخل” کردە ئامانج و، لە ئەنجامدا ژمارەیک لە ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن گیانیان لە دەستداو و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
بە پێی راپۆرتەکان “یعقوب العمار” وەزیری ئیدارەی ناوچەیی لە دەوڵەتی کاتی ئۆپۆزسیۆن و سەرۆکی دادگای حوران گیانی لە دەستداوە.
کەناڵی هەواڵی “المیادین” لە راپۆرتێکی دیکەدا باس لەوە دەکات، کە “ابو طیب” سەرکردەی سەربازی لیوای حەمزە بەستراوە بە سوپای ئازادی سوریا، یەکیکی دیکە لە کوژراوەکانی ئەم تەقینەوە بووە.
کەناڵی هەواڵی الحدث لەم بارەیەوە رایگەیاندووە، کە ئەنجامدەری ئەم هێڕشە نەوجەوانێکی تەمەن 15 ساڵ بووە.