نوچەنێت
بەو جۆرەی کە بیرم لێ دەکەینەوە، رەنگە داعش گەورەترین کێشەی عێراق نەبێت. بەهرام یاسین، یەکێک لە فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵ کردەوەی شاری موسڵ، کە هێزەکانی ژێر فەرماندەیی خۆی لە پشتەوەی شاری موسڵ جێگیر کردووە، باسی لە چاوەڕوانییەکانی خۆی لە بارەی ئەم ئۆپەراسیۆنە و رۆژەکانی دواتر دەکرد. لە شەرێ دەستەو یەخە لە گەڵ چەکدارانی داعش تا مەترسی بەکارهێنانی خەڵکی شارەکەی وەک قەلغانێکی مرۆیی.
یاسین دەڵێت، داعش لە بەشێک لە بینا و جادە و نزیک بە تەواوی شارەکەی بۆمبی دەستکردی داناوە. ئەو دەڵێت، پێدەچێت بە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکە ئێمە گەڕەک بە گەڕەک، کۆڵان بە کۆڵان و رەنگە ماڵ بە ماڵ پێشڕەوی بکەین.
بەڵام قسەکانی یاسین، هاوکات نگەرانی پێوە دیارە. نگەرانییەکەی زۆرتر پەیوەندی هەیە بۆ رۆژەکانی دوای ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارەکەیە. یاسین دەشڵێت “بڕیارە بۆ ئەم مەبەستە هاوپەیمانییەک پێکبێت کە دیارە ئەندامانی لە هێزی سەربازی وڵاتانی بیانی پێک نایەن. زۆربەی ئەو کەسانەی کە لەم هاوپەیمانیەدا بەشدارن لە هێزەکانی پێشمەرگە، میلیشکانی شیعە و سوننەکانن”.
یاسین ئاماژە بەوەش دەدات، کە سوپای ئەمڕۆی عێراق، لە پێکهاتە قەومی و مەزهەبیە جیاوازەکانی ئەم وڵاتە پێکهاتووە. رەنگە لە دوای شکستی داعش تووشی شەڕی ناوخۆی بن و سەنگەر لە یەکتر بگرن. نگەرانییەکی گەورەتر ئەویە کە پێش دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکە رێککەوتنی سیاسی لە سەر نەکرێ و پابەندبوونێکی پێوە دیار نەبێت. لەم حاڵەتەدا ئەگەر بەرپرسایەتی و سنور و چوارچێوەیەکی دیاریکراو نەبێت، بە دوور نییە کە بۆ وێنە لە میانەی ئۆپەراسیۆنەکەدا سوننەکان چەکەکانیان بەرەوڕووی شیعەکان نەکەنەوە. ئەنجامێکی دەبێت بەو زەلکاوەی کە لە شارێکی وەک حەلەبی سوریا هاتە ئاراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە تاکوو ئیستا هیچ هەنگاوێک بۆ پێشگرتن لەم ئەگەرانە نەنراوەتەوە. بە هۆی لاوازی و گەندەڵی دەوڵەتی عێراق، لە ئێستادا هیچ ناوەندێکی فەرماندەیی بەهێز بۆ سەرکرایەتیکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسڵ نابیندرێت. سەرباری گفتوگۆ پێشبینی گەشبینانەکان، ئازادکردنەوەی شاری موسل مانای کۆتایی شەڕ و کێشەکان لەم وڵاتە ناگەیەنێت، حەقیقەت شتێکی دیکەیە. کەوتنی موسڵ ئەگەر رووبدات نەک تەنها کۆتایی شەڕ لە عێراق نییە، بەڵکو ئەگەری هەیە ببێتە دەستپێکی شەڕێکی ماڵوێرانکەری دیکە لەم وڵاتە.
لە گفتوگۆ لە گەڵ بەرپرسانی باڵای دەوڵەت، جەنەڕاڵەکانی سوپا، شارەزایانی خۆجێێ و تەننات ئاوارەکان بەو ئەنجامە گەیشتووم، کە ئەو کەسانەی کە لە بەرەکانی دژ بە داعش شەڕ دەکەن، زۆر لە سەرکەوتن لە شەڕی موسڵ دڵنیا نین. ئەوان پێیان وایە کە، بنەبڕکردنی داعش دادی کێشەکانی عێراق نادات. چونکو لە ناوچوونی ئەم دوژمنە بەهێز و یەکگرتووە، دەتوانێ چەند دەستەیی و دوژمنایەتی و نەفرەتە سەرکوتکراوەکان بە دوای خۆیدا بێنێت. ئەمەش دەتوانێ ببێتە هۆی دورستبوونی حەمامی خوێن، زۆر خراپتر لەوەی داعش بە سەریاندا هێنای.
بە پێی ئەو شتانەی گوێم لێ بووە، واشنتۆن ئامادەیی تەواوی بۆ ئەم مەبەستە نییە، ئەمریکا دەبێ هەڵسەنگاندنێکی هۆشمەندانەی لە ئامانج و ستراتیژییەکانی خۆی هەبێت. لە بێجگە لەم حاڵەدا، پارە و گیانی ئەمریکییەکان دەبێتە تێچوویەکی گەورەتر، نەک بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە، بەڵکو تادێت دۆخەکە خراپت دەبێت و ژێرخانی کۆمەڵایەتی ئەم وڵاتە، بارێکی خراپتر بە خۆوە دەگرێت. بە بێ لەبەرچاو گرتنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و تێگەشیتن لە رەهەندە سەربازییەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە، بە بێ هەوڵە جیهانی و مرۆڤدۆستانەکان پێدەچێت ئاگری شەڕی ناوخۆی ئەم وڵاتە زیاتر بلێسە بکات.
بەڕێوەبردنی ئەم شەڕە و ئەو لایەنانەی کە تێیدا بەشدار دەبن، گرنگی تایبەت بە خۆی هەیە. نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت، کە هەر لایەنێک کە بەشداری ئەم شەڕە دەبێت، پێشینە و رابردوو و مێژووی تایبەت و لێک جیاوازان هەیە، ئیدارەدانی ئەم فرەچەشنییە رەنگە دژوار بێت.
یاسین جەخت لەوە دەکاتەوە کە، پێش دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکە، دەبێ هەموو لایەنەکان لەبارەی چوارچێوە و بەرپرسایەتییەکان رێککەوتن بکەن. بۆ وێنە چ ژمارەیەک لە شیعەکان بۆیان هەیە بچنە ناو شارەکەوە، کام لایەن ئەرک و بەرپرسیاریەتی گرتنەوەی کام بەشی لە ئەستۆیە، لە دوای شەڕ کێ بەرپرسە لە دابینکردنی ئەمن و ئاسایشی بەشەکان؟
یاسین هەروەها دەڵێت “ئەم دابەشکارییە تەنها بۆ مەبەستی شکستپێدانی داعش نییە، دەبێ ئەم پرسیارە بکەینە بنەما، کەمپەینی دژ بە داعش چۆن بڕیار دەدات و چۆن رێککەوتووە؟ سەرباری هەموو ئەم نیگەرانیانە، یاسین نگەرانییەکی دیکەشی هەیە، ئەویش زیادبوونی رکابەرایەتی هێزە ناوچەییەکانە بەم هاوکیشانە.
فەلاح مستەفا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، رای وایە کە دەبێ پێش هەنگاوی سەربازی، دەبێ لە رووی سیاسییەوە رێککەوتنێک لە نێوان لایەنەکاندا هەبێت.
یاسین جارێکی دیکە جەخت دەکاتەوە، کە نیگەرانییەکی هەرە گەورەی ئەوەیە، کە پێش لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکە، ئەم رێککەوتنە سیاسییە نەیەتە کایەوە. بە پێی ئەوەی بینیم و ئەوەی گوێم لێ بوو، ئەمە نیگەرانییەکی زۆر گەورەیە.