نوچەنێت-شفقنا
سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێمی ئێران لە یادی کوژراوانی کۆمپانیاکانی نەوت و گازی کارون لە شاری ئەهواز رایگەیاند: کەسانی وەک ئالی سعود، پلانی تێکدانی ئەمن و ئاسایشی ئێرانیان هەیە و بۆ ماوەی دوو سێ ساڵێکە، کە لە سنورەکانی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ئێرانەوە، هەوڵی تێکدانی ئارامی و ئاسایشی ئێران دەدەن.
موحسین رەزایی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، هەروەها سعودیە بەوە تۆمەتبار دەکات، کە لە گەڵ سەرکردەکانی حدکا دانیشتنیان بووە و ئامانجیشێان تێکدانی باری ئەمنی و سەقامگیری ئەم وڵاتەیە، بەڵام کۆماری ئیسلامی بە توندی وەڵامی هەر جۆرە جموجۆڵێكی داوەتەوە.
رەزایی جەختیش دەکاتەوە، کە دەسەڵاتدارانی سعودیە سەرچاوەی هەموو ئەو رووداوانەن کە بە سەر ئێراندا هاتووە.
رەزایی لەم بارەیەوە دەڵێت: سەرەتا سەدامیان هاندا، سعودیەکان هێزی سەرەکی بوون کە سەدامیان هێنایە ناو گەمەکەوە، ئێستاش خەریکن دیموکرات و کۆمەڵە و مونافقین هان دەدەن و لە رووی داراییەوە هاوکارییان دکەن.
سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێمی ئێران هەڕەشە لە سعودیە دەکات و دەڵێت: ئەگەر سعودیە بیهەوێ دەستدرێژی بکات، وەکو سەدام مامەڵەی لە گەڵ دەکەین، بگرە توندتر.
رەزایی ئەوەش دەخاتەڕوو، کە سعودیە هەوڵی خستنی رژێمی سوریای داوە و دواتر داعشی بەرەو سنورەکانی ئێران رەوانە کرد.