نوچەنێت-اتاق خبر
فەرماندەی سوپای “بیت المقدس”ی ئێران لە کوردستان، سعودیەی بەوە تۆمەتبار کردووە، کە حدکا پڕچەک دەکات و هانی دەدات کە ئەمن و ئاسایشی ئێران تێکبدات.
ئەم لیدوانەی محەممەد حسێن رەجەبی وەک کاردانەوە بەرامبەر بە وتووێژێکی مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) هاتووە، کە بە کەناڵی بی بی سی رایگەیاندووە “لە گەڵ ئێران کەوتوونەتە قۆناغێکی نوێی شەڕی چەکدارییەوە”.
فەرماندەی سوپای پاسداران لە کوردستان باس لەوەش دەکات کە “حدکا پێشتر بەڵێنی داوە هێزەکانی رەوانەی ئێران نەکاتەوە، بەڵام ئێستا پشتیان لەم بەڵێنەی خۆیان کردووە”.
ئەو فەرماندەیە بە ئاماژەدان بە پەیامی نەورۆزی ئەمساڵی حدکا کە تێیدا پەیامی گرێدانی خەباتی شار و شاخ راگەیەندرا، دەڵێت “هەڵسەنگاندنەکانی حدکا بۆ ناردنەوەی هێزەکانی بە هەڵە دەرچوو”.
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، لە ناوچە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی رۆژهەڵات، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی حدکا و سوپای ئەو وڵاتە روویدا، هەر لەو ماوەیەدا تۆپخانەکانی ئێران 3 جار ناوچە سنورییەکانی باشور و رۆژهەڵاتی کوردستانی بۆردومان کردووە.
لە لایەکی دیکەوە رۆژی رابردوو، سەردار محەمەمد مارانی، فەرماندەی قەرارگای سوپای قودسی ناوچەیی، سعودیە بەوە تۆمەتبار کرد کە، بە هاوکاری دەزگا ئەمنی و ئەواڵگرییەکانی وڵاتانی رۆژئاوایی هەوڵی نائەمن کردنی سنورەکانی ئێران دەدات.