نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەوەی دوێنی لە پەرلەمانی عێراق روویدا دژایەتی كردنی كورد بوو. دەشڵێت “هەندێك لە كوردەكانیش چوونە پاڵ عەرەبەكان”.
لە دانیشتنی دوێنی 21-9-2016 بە زۆرینەی دەنگ متمانە لە وشیار زێباری وەزیری دارایی عێراق سەندرایەوە. کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و نگەرانی زۆری لێكەوتەوە لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستان.
لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچەنێت، سەرحان سلێڤانەیی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسۆنی پارتی، لە بارەی سەندنەوەی متمانە لە وشیار زێباری رایگەیاند: ئەوەی دوێنی لە نێو پەرلەمانی عێراق رویدا و سەندنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی كارێكی سیاسییە بۆ دژایەتی كردنی كورد، بە تایبەت دژایەتی پارتی بوو لە نێو پەرلەمانی عێراق.
سەرحان سلێڤانەیی دەڵێت “لە بەغدا بە ئاشكرا دژایەتی كورد دەكەن، دەیانەوێت كورد لە بەغدا نەمنێت و بەرەو لاوازی بچێت، بەڵام بە داخەوە هەندێك لە كوردەكانیش چوونە ریزی عەرەبەكان بۆ سەندنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی دەنگیاندا.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران گوتی “بە داخەوە كوردەكان یەك دەنگ نەبوون گۆران و كومەڵ بە ئاشكرا باسیان لەوە دەكرد، كە دەنگ دەدەین بۆ سەندنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی، کە هەستیان بەوە نەكرد كە ئەمە پلانێكە دژی كورد داڕێژراوە نەك لایەنێكی سیاسی.