لایەنەکانی شەڕ لە سوریا: رێککەوتنی ئاگربەستەکە شکستیهێنا

0

نوچەنێت

رێککەوتنەکەى نێوان جۆن کیرى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا و سێرگى لاڤرۆڤ وەزیرى دەرەوەى روسیا لە سوریا کە دوو هەفتە لەهەوڵیدابوون، نەیتوانى تەنها هەفتەیەک لە ناو خاکى سوریا جێبەجێبکرێت.

 سوپاى سوریا لە راگەیەنراوێکیدا کۆتاییهاتنى ماوەى ئاگربەستەکەى راگەیاند، و ئۆپۆزسیۆنى سوریاش ئاماژەى بەوەکرد، ئاگربەستى نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ بەشێوەیەکى گشتى  شکستى هێناوە و کۆتاییپێهاتووە، بەڵام نازانرێت ئاخۆ هەر دوولایەنى روسیا و ئەمریکا، ئەتوانن بە پەلە فریاى ئاگربەستەکە بکەون.

وەزارەتى بەرگرى روسیا رایگەیاند، شتێکى بێ مانایە بە تەنها سوپاى سوریا پابەندى ئاگربەستەکە بێت، راشیگەیاند، سوپاى ئەمەریکا پێیانى راگەیاندووە کە ناتوانن گروپە چەکدارییە میانڕەوەکان لە توندڕەوەکان جیابکەنەوە.

ئەو لێدوانانە لە ئەنجامى پێشهاتە خراپەکانى دۆخەکە بووە لە ناو خاکى سوریا و نەتوانراوە قۆناغى دووەم جێبەجێبکرێت، کە گەیاندنى هاوکارى مرۆییە بۆ ناوچە گەمارۆدراوەکان، چونکە بە پێى رێککەوتنەکە دەبوایە لە قۆناغى دووەمدا، هاوکارییە مرۆییەکان بگەیەنرایەتە دانیشتوانى ناوچە گەمارۆدراوەکان.
لە گەڵ ئەوانەشدا کاروانى هاوکاریە مرۆییەکان لە سەر سنورى تورکیا راگیراون و ناتوانن بپەرێنەوە بۆ ناوچە گەمارۆدراوەکان لە ناوسوریا.

ئەوەلەکاتێکدایە لە چەند ناوچەیەکى وەک گەڕەکى چۆبەر لە دیمەشق و باکورى پارێزگاى حەما شەڕ و ڕووبەڕووبونەوە لەنێوان سوپاى سوریا و گروپەکانى ئۆپۆزسیۆن روویداوە.

روانگەى سورى بۆمافى مرۆڤ دەڵێت، تەنها لە دوو ڕۆژى جێبەجێکردنى ئاگربەستەکەدا زیانى قوربانى مەدەنى نەبووە و لە ماوەى هەفتەیەکى ئاگربەستەکەدا 92 هاوڵاتى مەدەنى لەچەند ناوچەیەکى سوریا کوژراون.

هاوکات 16 چەکدارى گروپەکانى ئۆپۆزسیۆن کوژراون و 94 سەربازى سوپاى سوریا کوژراون و 53 چەکدارى داعشیش کوژراون.

بەمشێوەیە ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەڕۆن راگەیاندنى ئاگربەستەکە کۆتایى هاتووە و ئەگەرەکانى چارەسەرکردنى قەیرانەکانى ئەو وڵاتەى زیاتر دواخستووە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com