نوچەنێت-ئاژانسەکان
عادل جەبیر، وەزیری دەرەوەی سعودیە لە گوتارێکدا لە رۆژنامەی وۆڵ ستریت ژورناڵ، وەک کاردانەوەی بەرامبەر بە یاداشتی توندی جەواد زەریف، کە لە رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز هێرشی کردبووە سەر وەهابییەت و سعودیە، بە توندی وەڵامی وەزیری دەرەوەی ئێرانی داوەتەوە.
جەبیر بە ئاماژەدان و وەبیرهێنانەوەی رووداو و هێرشەکانی بۆمب دانانەوە لە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەیروت، هێرش بۆ سەر چەکدارانی دەریایی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لوبنان، تەقاندنەوەی بورجەکانی خوبەر لە سعودیە و هێرش بۆ سەر دەیان باڵوێزخانە لە سەر خاکی ئێران، بەرپرسانی باڵای تاران بە سەرچاوەی تیرۆریزم وەسفکردووە.
بە گوتەی عادڵ جەبیر، هەمووی ئەم نموونانە و ئەو راستییەی کە ئێران تیرۆری وەک ئامرازێک بۆ بەرەپێشبردنی ئامانجە سیاسیەکانی خۆی بە کار دەبات، حاشا هەڵنەگرە.
وەزیری دەرەوەی سعودیە دەشڵێت: لە کاتێکدا هێزەکانی سوپای قودس و سوپای پاسداران-ی ئێران، هەوڵی پڕچەک کردن و یارمەتی کردنی گروپە تیرۆرستییەکانن، بە هیچ شێوەیەک بۆی نییە بانگەشەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم بکات.
جەواد زەریف، وەزیری دەرەوی ئێران لە یاداشتێک کە لە رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز بڵاو بۆتەوە، وێڕای رەخنەی توندی بۆ سەر دەسەڵاتدارانی سعودیە، وەهابییەت بە سەرچاوەی بەشێک لە هێرشە تیرۆرستییەکان وەسف دەکات و بانگەشەی ئەوەش دەکات کە جیهان لە دژی وەهابیگەری بوەستێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، لە درێژەی یاداشتەکەیدا، ریشە و سەرەتای دروستبوونی گروپە توندڕەوەکانی وەک داعش و تەنانەت بوکوحەرام بۆ سیاسەت و پشتگیرییەکانی سعودیە دەگێڕێتەوە، کە لە خۆیدا پشتیوانی بیروباوەڕی وەهابی گەرییە. زەریف، هەروەها هێڕشە خوێناویەکانی سەر فەڕەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپی لەم رەهەندەوە لیک دەداتەوە و پێێوایە، کە وەهابییەتی دیارییەکی جیاواز لە ئایینی ئیسلامە.