نوچەنێت-صراط
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لە گەڵ ژمارەیەک لە رەشپێستەکانی ئەم ولاتە، جەخت دەکاتەوە کە ئەگەر رەشپێستەکانی ئەمریکا، دەنگ بە کاندیداتۆری هێلاری کلینتۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا نەدەن، لە راستیدا بێ رێزییان بە میراتی چەند ساڵەی سەرۆکایەتی ناوبراو کردووە.
باراک ئۆباما، شەوی رابردوو بۆ دوایین جار وەک سەرۆکی ئەمریکا، لە وتارێکدا کە لە میانەی بەشداریکردنی لە جەژنی ئەنجومەنی رەشپێستەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا پێشکەشی کرد، داوای لە کۆمەڵگای رەشپێستی ئەم وڵاتە کرد، کە دەنگ بە دۆناڵد ترامپ، پاڵێوراوی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا نەدەن و جەختیش کردەوە، کە ئەگەر بە قازانجی هێلاری کلینتۆن دەنگەکانیان نەخەنە سندووقەوە، ئەوە بێ ریزییان بە میراتی ناوبراو کردووە.
بە گوێرەی کەناڵی سی.ئێن.ئێن، ئۆباما لە بەشێکی دیکەی وتارەکەی گوتوویەتی: پێتان وانەبێت کە دەنگی ئێوە بەها و گرنگی نییە، سەیری مێژوو بکەن، ئەگەر لەم بارەیەوە ناچالاک بن، ئەوە بێ رێزیتان بە میراتی من کردەەوە، ئەگەر دەتانهەوێ بە باشی بە رێم بکەن، بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
ئۆباما ئەوەش دەخاتەڕوو، کە ترامپ وانە مەدەنییەکانی کۆیلەداری فەرامۆش کردووە. سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گوتی: ترامپ کەسێکە کە دژ بە بەرابەری و مافە مەدەنییەکان وەستاوەتەوە و هیچ رێزێکی بۆ چینی کرێکار دانەناوە.