نوچەنێت-دەنگی ئەمریکا
رابەری کاتۆلیکەکانی جیهان، لە گوتارێکدا داوای لە هاووڵاتیانی ئەوروپا دەکات، کە بە گەرمی پێشوازی لە پەنابەران بکەن.
پاپای فڕانسیس، لە کۆبوونەوەی لە گەڵ کۆمەڵێک خوێندکار کە بە مەبەستی بەشداری لە کۆنفڕاسنێک لە بارەی پەنابەران چوونەتە رۆم، ئەم گوتارەی پێشکەشکرد.
رابەری کاتۆلیکەکانی جیهان، وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگی پێدان بە پەنابەران. گوتی “پێشوازی گەرم و گوڕ بە مانا راستەقینەکەی، باشترین رێگایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کردەوە تیرۆریستییەکان.
پاپای فڕانسیس گوتیشی، داواتان لێ دەکەم دەرگای کۆمەڵگا و ماڵەکانتان بە رووی پەنابەراندا بکەنەوە و رێگەش مەدەن کە خەوتن لە سەر شەقامەکان ببێتە یەکەم ئەزموونی پەنابەران لە ئەوروپا.
پاپا، بە ئاماژەدان بەوەی کە زیاتر لە 65 ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهان بە پێچەوانەی ویستی خۆیان ئاوارە بوونە، داوا ی لە هاووڵاتیانی ئەوروپا دەکات کە لە سەرەوەی ئەم ئامارانە برواننە پەنابەران.
رابەری کاتۆلیکەکان هەروەها گوتوویەتی، هەر پەنابەرێک ناو، سیما و بەسەرهاتی تایبەت بە خۆی هەیە، هەر بۆیە مافی ژیانی لە ژینگەیەکی ئاشتیخوازانەدا هەیە و بۆی هەیە لە پێناو ژیان و ئایندەیەکی باشتر تێ بکۆشێت.