نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، دوای ماندووبوونێكی زۆر توانیمان ئەفسەر كوردەكان بگەڕێنینەوە ناوچە کوردییەکان.
لە چەند ساڵی رابردوو، حكومەتی عێراق بۆ دوور خستنەوەی ئەفسەرانی كورد، لە شاری كەركوك زۆربەیانی گواستۆتەوە نێو شارەكانی بەغدا، ناوەڕاست و باشوری عێراق، تاکو لەوێ کارەکانیان راپەڕێنن.
لە لێدوانێكی تایبەت نوچەنێت، شاخەوان عەبدوڵڵا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسۆنی زەرد، لە بارەی گواستنەوەی ئەفسەرانی کورد لە ناو سوپای عێراق رایگەیاند: دوو ساڵی رابردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق، زۆر لە ئەفسەرەكانی ئێمەی لە هەرێم و كەركووكەوە گواستبووە ناوەڕاست و باشووری عێراق، كە ئەمەش نگەرانی زۆری لای ئەو ئەفسەرە كوردانە دروستكردبوو كە توشی زەحمەتی زۆری كردبوون.
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت “دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر و دوایین كۆبوونەوەمان لە گەڵ وەزیری ناوخۆی عێراق بە وەكالەت، دواجار وەزارەتی ناوخۆ لە 5-9-2016 ئاگاداریان كردمەوە، كە لەسەر داوای ئێمە تەواوی ئەفسەرانی كورد گەڕێندراونەوە هەرێم و كەركوك. ئەمەش دلخۆشیەكی زۆرە بۆ هەموو ئەو ئەفسەرانە، ئیتر لەمەوبەدوا دەتوانن لە هەرێم و كەركوك دەوامی خۆیان بكەن و پارێزگاری لە وڵاتی خۆیان بكەن.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران گوتی “هەر ئەفسەر و پۆلیسێكی كورد، کە لە بەغدا و ناوەڕاست ماوە، دەتوانێ پەیوەندیم پێوە بكەن بۆ ئەوەی بیانگەڕێنینەوە بۆ هەرێم و شاری كەركوك.